کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نابەرابەریی ئابووری لە ئێراندا

12:57 - 22 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: ئاخرین بەراوردی فەرمی ڕێژیمی ئێران لە ئاستی ڕاستەقینەی مووچە و توانای کڕینی ئەو کەسانە کە مووچە وەردەگرن، دەرخەری گەشەی هەڵاوسان و بەرزبوونەوەی نرخی شتومەکە.

ڕاپۆرتە فەرمییەکانی ڕێژیمی ئێران باس لە زۆربوونی زەریبی جینی لە ساڵەکانی ڕابردوودا دەکەن کە یەکێک لە پێوەرەکانی دابەشکردنی سامانە؛ ئەم پێوەرە لە ساڵی ڕابردوودا گەیشتووەتە ٤٠/٠کە بە مانای زۆربوون و گەشەی نابەرابەرییە کە هاوکات لە گەڵ ئەمە، تێچووی ژیانی دەوڵەمەندەکان بە نیسبەت هەژارەکان زۆرتر دەبێتەوە و لە ١٢ لەسەد لە ساڵی ٩٠ەوە دەگاتە ١٤لەسەد بۆ ساڵی ٩٦.

بە پێی ڕاپۆرتی ناوەندی ئاماری ئێران، خانوو و خۆراک، ٦٠ لەسەدی سەبەدی تێچووی بنەماڵە لەخۆ ئەگرێت کە بەم پێیە هەر بنەماڵەیەک یەک لە سەر چواری داهاتەکەی بۆ خۆراک و ٣٥ لەسەدیشی بۆ خانوو بەکاردێنێت.

وەزارەتی بێهداشت ودەرمانی ڕێژیمی ئێرانیش ڕایگەیاندووە کە تێچووی تەندرووستی بنەماڵەکان نزم بووەتەوە و گەیشتووەتە ١٣ لەسەد.

بە پێی ئینفۆگرافییەکی بڵاوکراو سەبارەت بە ژیان و هێڵی هەژاری لە ئێراندا، زیاتر لە ٣ میلیۆن کەس لە ئێراندا بێکارن و ٤٠ لەسەدی دەرچووانی زانکۆش لە نێو ئاماری بێکارەکاندا جێگە دەگرن.

لەم ئینفۆگرافییەدا، داهاتی مانگانەی توێژەکانی ئێران وەکوو ڕۆژنامەوانان، کرێکاران، کارمەندانی دەوڵەت، مامۆستایان، خانەنشین کراوانی دەوڵەتی و یارمەتیخوازان(مددجو) هاتووە کە بە پێی هێڵی هەژاری کە ٢میلیۆن و٥٠٠ هەزار تمەن دیاریکراوە تەنیا کارمەندانی دەوڵەتی لە سەرەوەی هێڵەکەدان و هەموو توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگا هەژار بە ئەژمار دێن.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بۆ ئەوەی کێشەکە چارەسەر بکەن کۆپێنی ئێلێکترۆنیکییان دابین کردووە کە زۆربەی چالاکە کرێکارییەکان و کارناسانی ئابووری ڕەخنەیان لێگرتووە؛ بە بڕوای ئەوان سیاسەتی ئابووریی دەوڵەت لە ساڵانی ڕابردوودا نابەرابەریی ئابووری و درزی نێوان داهات و تێچووی زیاد کردووەتەوە.

لە لایەکی تریشەوە بە پێی گەڵاڵەی کۆپێنی ئێلێکترۆنیکی ئەو کەسانەی کە بنەماڵە شەهید، جانباز یان ئەندامی کومیتەی ئێمداد بن سەرەتی وەرگرتنی کاڵایان هەیە.