کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نابەرپرسایەتی و نەشیاویی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران هۆکاری کێشەکانە

11:43 - 20 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: کێشەی زبڵی گردکاشان بە چارەسەرنەکراوی ماوەتەوە و بنکە و ناوەندە پێوەندارییەکانی ڕێژیم لەو شارە، هیچ هەنگاوێک بۆ چارەسەریی کێشەکە هەڵ ناگرن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، کێشەی دیاریکردنی شوێنی زبڵی گردکاشان کێشەی ئێستا نییە، ئەو کێشەیە هی ساڵانی پێشوویە کە کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران بە هۆی کەمتەرخەمی و گوێنەدان بەو کێشەیە ئێستا بەرۆکی خەڵكی گرتووەتەوە.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا باسی لەوە کرد، کێشەی زبڵی گردکاشان جگە لە شارەداری پێوەندی بە ئیدارەی سەرچاوە سروشتیەکان، ژینگە، ئاو و کارەبا، کشتوکاڵ و فەرمانداریی ڕێژیم لەو شارەدا هەیە؛ بەڵام سەرجەم کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران لەو بارەوە هیچ کارێک ناکەن و کێشەکە بەرەو لای خەڵک دەکەنەوە هەتا شەڕ و ئاژاوە هەڵایسێت.

لەو راپۆرتەدا هاتووە، به هۆی ڕوانگەی توندی ئەمنییەتیی ڕێژیم بەسەر شاری شنۆدا، هەر کار و کردەوەیەک کە خەڵک بۆ باشتربوونی دۆخی شار و گوندەکان ئەنجامی بدەن، ڕێژیم بە توندی چاوەدێری دەکات یا هەڕەشە لە هاووڵاتییان دەکات.

لە لایەکی دیکەوە، ئەوپەڕی بێهەلوێستی و ناکارامەییی دامودەزگا پێوەندیدارەکان وای کردووە، کە کێشەیەکی بچووک ببێتە قەیرانێکی گەور.

هاوکات دامودەزگا پێوەندیدارەکانی ڕێژیمی ئێران لەو شار، لە جیاتی چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە و دیاریکردنی شوێنێکی دیکە بۆ زبڵ، توندوتیژی دژ بە خەڵک ئەنجام دەدەن و بە بەرچەسپ‌لێدان کێشەکە قووڵتر دەکەنەوە و ئەوەی کە هەتا ئێستا کراوە هیچ دەسکەوتێکی نابێت.