کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناتۆ: ڕێژیمی ئێران دەست لە چالاکییە تێکدەرانەکانی هەڵبگرێت

12:43 - 26 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: سکرتێری گشتیی ناتۆ، داوای لە ڕێژیمی ئێران کردووە کە دەست لە  چالاکییە تێکدەرانەکان و بەرنامە مووشەکییەکانی هەڵبگرێت.

ڕۆژی چوارشەممە، ٢٥ی بانەمەر، "یەنس ستولتێنبێرگ"، سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی ناتۆ، لە دیدارێکدا لەگەڵ ''ترازا مێ''، سەرۆک وەزیرانی بریتانیا و ''جێرمی هانت''، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە، داوای لە ڕێژیمی ئێران کردووە کە بەرنامە مووشەکییەکانی ڕابگرێت.

سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی ناتۆ ڕایگەیاند: "ڕێژیمی ئێران دەبێت دەست لە هەوڵە تێکدەرانەکان و پشتیوانی لە گرووپە تێرۆریستییەکان هەڵبگرێت."

هاوکات، یەکیەتیی ئورووپا لە هەوڵدایە کە بۆ کەمکردنەوەی ئالۆزییەکان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، هاوتەریب لەگەڵ ئامریکادا هەنگاو هەڵبگرێت.

ڕێژیمی ئاژاوەگێڕی ئیسلامیی ئێران، مووشەکی بالستیکی لە چەند ناوچەیەکی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بەتایبەت لە وڵاتی عێراقدا، جێگیر کردووە  و بە پشتیوانی لە گرووپە تێرۆریستییەکان و دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتانی ناوچەکە، دۆخێکی نالەبار و مەترسیداری پێک‌ هێناوە.

هەرلەو پەیوەندییەدا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ڕێژیمی ئێران لە ڕێگای ملیشیا چەکدارەکانی خۆی، هێرشی کردبووە سەر دامەزراوە نەوتییەکانی وڵاتی عەرەبستان و چوار کەشتیی بازرگانیی لە ئاوەکانی بەندەری "فەجیرە" لە ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبیدا،  کە لە لایەن وڵاتانەوە کاردانەوەی توندی لێکەوتەوە.