کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نادر قازی‌پور: پێویست بە ئامریکا وئیسراییل ناکات، ڕێژیم خۆی لەناو دەچێت

19:42 - 15 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ڕێژیم خۆیان دان بەوەدا دەنێن کە ڕێژیمەکەیان بەرەو لەناوچوون و ڕوخان هەنگاو دەنێت.

لە گرتەیەکی ڤیدییۆییدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو بووەتەوە، نادر قازی پوور بەناو نوێنەری ورمێ لە مەجلیسی ڕێژیم، دەڵێت پێویست بە ئامریکا و ئیسراییل ناکات، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران بە دەستی خۆی لە ناو دەچێت.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باس لە بودجەی ساڵی ١٣٩٨ دەکات و دەڵێت: "لە بودجەی ساڵی ١٣٩٨ دا دەبێت ١٠٪ ی کارمەندەکان دەربکرێن، ١٠٪ پەروەردە و بارهێنان دەبێت دابخرێن، زانکۆکان هەڵدەوشێنرێنەوە، لە ڕووسیە وامێکی ٥ میلیارد تمەنی وەردەگیردرێت."

پێشتریش حسەن خومەینی کوڕەزای " خومەینی" دامەزرێنەری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی باسی لە ڕووخانی ڕێژیمی ئیسلامی کردبوو و وتبووی: "هیچ گەرەنتییەک نییە کە ئێمە بمێنینەوە و کەسانی دیکە بڕۆن و ڕوو لە بەرپرسان و دەسەڵاتدارانی ڕێژیم وتبووی: "دەبێت ڕێساکان ڕەچاو بکەن، دەنا دەسەڵاتتان لە دەست دەردەهێنن".

پێشتریش "فائیزە هاشمی ڕەفسنجانی"، كچی عەلی‌ئەكبەر هاشمی ڕەفسنجانی و نوێنەری پێشووی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران، دانی بەوە داناوە، کە ڕێژیمی كۆماری ئیسلامیی ئێران، لە نێوەڕۆكیدا تووشی داڕمان بووە و ئەگەر بە ڕواڵەت ڕووخانەكەی هەست پێ ناكرێت، ئەوا بەو هۆیەیە كە خەڵک لە داهاتوویان نیگەرانن و نازانن دوای كۆماری ئیسلامیی ئێران چ كەسێک دەسەڵات بەدەستەوە دەگرێت.

بەپێی پێشبینی کارناسان بۆ دۆخی ئابووری و سیاسی ڕێژیمی ئیسلامی ئێران لە ساڵی داهاتوودا، دۆخی ڕێژیم لە هەموو ڕەهەندەکانەوە بەرەو خراپتر دەڕوات و ڕێژیم لە لەناوچوون نزیکتر دەبێتەوە.