کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناسا: قەڵای هەولێر کۆنترین شوێنە لە جیهان کە ئیستاش ژیانی تێدا دەکرێت

13:29 - 15 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: ڕێکخراوی "ناسا"ی ئامریکا، لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردووەتەوە، کە قەڵای هەولێر لە کوردستان، کۆنترین شوێنە لە جیهاندا کە هەتا ئێستاش ژیانی تێدا دەکرێت

ئاژانسی ناسای ئامریکا، (The National Aeronautics and Space Administration) " NASA " قەڵای هەولێری بە کۆنترین شوێنی نیشتەجێبوونی مرۆڤ ناو برد، کە هەتاکوو ئێستا ژیانی تێدا دەکرێت.

ڕۆژی سێشەممە، ١٣ی خاکەلێوە، ڕاگەیندراوێکی ماڵپەڕی فەرمی ناسا، باسی لەوە کردووە، کە مێژووی دروستکردنی قەڵای هەولێر، لانیکەم بۆ شەش هەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە.

قەڵای هەولێر، سەردەمی سۆمەرییەکان، ئاشوورییەکان، ساسانیەکان، مەغۆلەکان، کریستانییەکان و عوسمانییەکانی دیتووە و پەرەستگای جیاوازی یەهوودی، مەسیحی و موسڵمانەکانی تێدا دروست کراوە.

ناسا نووسیوویەتی: "چەنگیزخان زیاترین خاکی بۆ ئیمپراتۆرییەتی خۆی داگیر کرد، عوسمانییەکان بۆ ماوەی ٦٠٠ ساڵ خاکی ئورووپا و ئاسیایان کەوتە ژێر دەست، هەر ئێمپراتۆرێک خاڵێکی هاوبەشی لەگەڵ ئەوەی دوای خۆی هەبوو، هەموویان لە پارچە خاکێکی بازنەیی حوکمیان دەکرد، کە ئێستا قەڵای هەولێری پێتەختی هەرێمی کوردستانە".

بە گوێرەی داتاکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ساڵی ١٩٩٥، قەڵای هەولێر، یەک هەزار و ٦٣١ کەسی تێدا ژیاوە و ٢٤٧ ماڵیشی تێدابووە، بەڵام لە دوای ساڵی ٢٠٠٣، قەڵاکە چۆڵ کراوە تاکوو ناسنامەی خۆی وەک شوێنەوارێکی دێرینی جیهان ون نەکات.

قەڵای هەولێر، ٣٢ مەتر بەرزە و خانووەکانی لە قوڕ دروست کراون، لە ساڵی ٢٠١٤ ناوی خرایە لیستی شوێنە مێژوویییەکانی جیهانەوە و لە ئێستاشدا تەنیا خێزانێکی تێدا دەژیت و خاوەنی چەند مۆزەخانە و مزگەوتێکە.