کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناستانداردیی ڕێگاوبانەکانی کوردستان بەردەوام گیانی هاووڵاتییان دەستێنێت

12:33 - 26 جۆزەردان 2720

بەهۆی ناستانداردی و نالەباریی ڕێگاوبانەکانی نێوان شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا نزیک بە ٧ کەس گیانیان لەدەست داوە.

ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی جۆزەردان، بەهۆی ڕووداوێکی هاتوچۆوە لە ڕێگای نێوان مەهاباد ـ ورمێ لە سێڕێیانی "حەیدەرئاوا"، ٦ کەس گیانیان لەدەست داوە کە سێ لە قوربانییان منداڵی دوو مانگە، هەشت مانگە و ٧ ساڵە بوون.

هەروەها لە ڕێگەی "دیواندەرە" بە دانانی دیواری بتوونی لەنێوان ڕێگاکەدا بە شێوەی ناستاندارد، کێشە بۆ هاتوچۆی خەڵکی ئەو ناوچەیە دروست بووە.

 خەڵک بۆ پەڕینەوە لەو ڕێگایە تووشی دەردیسەرییەکی زۆر دەبنەوە کە هەر ئەم کێشەیە بووەهۆی گیانلەدەستدانی کچێکی تەمەن ١٢ ساڵان بە ناوی "پەردیس".

 بەرپرسانی ڕێژیم لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا باسیان لە نۆژەنکردنەوەی ڕێگای نێوان سایین قەڵاـ بۆکان کردووە، بەڵام بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆیانە کە لەلایەن خەڵکەوە بڵاوکراوەتەوە، تەنیا چەند چاڵوچۆڵییەکی کەمیان بۆ خۆڵ لە چاوی خەڵککردن ساز کردووە.

 خەڵکی ئەو ناوچەیە بە چەند گرتە ڤیدیۆیەک، چەواشەکارییەکانی بەرپرسانی ڕێژیمیان بە درۆ خستووەتەوە.

ڕێگاکانی سەقزـ مەریوان و سنەـ مەریوان بە هەمان شێوە، ساڵانە چەندین قوربانیی لێدەکەوێتەوە و بە "جادەی مەرگ" ناسراون.

ئەمانە تەنیا چەند نموونەیەکی کەمن لە خراپیی بارودۆخی ڕێگاوبانەکان و هەموو شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بەدەست دۆخی نالەباری ڕێگاوبانەکانەوە دەناڵێنن.