کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناسر مورادی: ڕێژیمی ئێران چ لە سیاسەتی ناوخۆیی و چ لە سیاسەتی دەرەوەدا تووشی بنبەست بووە

18:46 - 30 رێبەندان 2719

وتووێژ: ڕەحمان سەلیمی

هەتا هەڵبژرادنەکانی یازدەهەمین خولی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران تەنیا ٢ ڕۆژی کات ماوە، هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەی ڕێژیم  لە لایەن زۆربەی لایەن و حیزبە سیاسییەکان بایکۆت کراوە و ڕیژیم بە هەموو شێوەیەک هەوڵ دەدات خەڵک بۆ سەر سندوقەکانی دەنگدان ڕابکیشت.

بۆ خەڵکی ئێران دەرکەوتووە کە مەجلیسی ڕێژیمی ئێران لە ماوەی ٤٠ ساڵ دەسەڵاتداری ڕیژیمی ئێران هیچکات وەکوو هێزی یاسادانان لە سەرەوەی کارکاندا نەبووە و  لە بریاراتی گرینگی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی ئێران رۆلی نەبووە.

لەم دیمانەیەدا ''جێگە و پیگە و سەڵاحییەتی مەجلیس، لێکەوتەکانی بایکۆتی هەڵبژادنەکان، کاریگەریی بەشداریی خەڵک لە هەڵبژاردنەکانی پیشوودا و هەوڵی ڕێژیم بۆ وەدەست هێنانی رەوایی''، لەگەڵ بەڕێز ''ناسر مورادی''، سەرنووسەری گۆڤاری تیشک  خستومانە بەرباس کە سەرنجتانی بۆ خۆیندنەوەی ڕادەکێشین.

١-پێگە و ڕۆڵ و سەڵاحیەتی مەجلیس لە سیستمی کۆماری ئیسلامی ئێراندا تا چ ئاستێکە؟

لە بنەڕەتدا ڕێژیمی سیاسی ئێستای ئێران،رێژیمێکی غەیرە موتەعارفە.ئەگەر چی بە ڕواڵەت و بە فۆڕم ئەدای حکومەتێکی هەڵبژێردراو و خەڵکی دەکات،بەڵام لە جەوهەوری خۆیدا لە مانای هەڵبژاردن و دەنگی خەڵکی بەتاڵە.

ئەگەر دێموکڕاسی بە مانا گشتیەکەی حکومەتی خەڵک و بە هۆی خەڵک و لە سەر خەڵک بێت،لە کۆماری ئیسلامیدا ئەم پێناسیە ناجێگیرە و هیچ ڕەسەنایەتییەکی نییە.لە وڵامی ئەم پرسیارە داخۆ پێگە و سەلاحییەتی مەجلیس لەم سیستمە غەیرە موتەعارفەدا چی بێت،با لە چەند ڕوانگەوە چاوێک بە بنەمای فکری و ئیدئۆلۆژک و هەروەها کارنامەکەیدا بخشێنینەوە.لە فەلسەفەی کۆماری ئیسلامی و جیهانبینی دامەزرێنەران و بەڕێوەبەرانیدا،تەنیا شتێک کە هیچ کاتیش بابەتێکی بنچینەیی نەبووە،دەنگی خەڵک و بەهاکانی دێموکراسی بووە.پارلمان لێرەدا تەنها ڕواڵەتێکە و هیچی دیکە.هەڵبژاردن پڕۆسەیەکی دووروردێژە،هەر لە میکانیزمەکانی هەڵبژاردنەوە بگرە تا دەگاتە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن.هەڵبژاردنی نوێنەرانی پارلمان،پێگە و رۆڵی خودی پارلمان و کاریگەری و شوێندانەری لە سەر پڕۆسەی بڕیار  ویاسادانان بە تێكرا پرسیاری لە سەرە و لە ناوەرۆکی خۆیدا بەتاڵە.وەک ئاماژەیش بووبێت،حوکمی حکومەتی نموونەیەکی نامۆ نییە.دەرەنجامی بە ناو دەنگی خەڵک بە لایەک،ئیرادە و بڕیاری سەلیقەیی ڕێبەری نیزام بە لایەک،واتە ویستی تاکەکسێک زاڵە بە سەر دامەزراوەیەکی وەک مەجلیس کە لە ئێران نەبێت،لە وڵاتانی دێموکڕاتیک پڕبایەخە و نوێنەرایەتی ڕای گشتیی دەکات.

٢-لە حاڵێکدا کە مەجلیسی ڕێژیمی ئێران هیچ کات  لە رەئسی کارەکاندا نەبووە، ئەوانەی کە خۆیان بەربژێر دەکەن چییان لە دەست دێت کە وادە و بەڵێنی بە خەڵک دەدەن؟

وڵامی ئەم پرسیارە لە خودی پرسیارەکەدا هاتووە.مەجلیس هیچ کات پێگەی ئەساسی و یەکلاکەرەوەی نەبووە.با نموونەیەک بێنینەوە،ئەوەی خۆی کاندید دەکات،تەنانەت ئەگەر لە فیلتێرە ئەمنی و سیاسی و عەقیدەتیەکان تێپەڕ بن،دەبێ لە هەر حاڵەتێکدا "التزام و اعتقاد"یان بە ویلایەتی فەقی و بنەما فکری و سیاسیەکانی رێژیم هەبێت.واتە لە هەڵبژاردنێک کە ئەگەر وای دابنێین ئازادیش بێت کە هیچ کات نەبووە،تێکڕای ئە وکەسانە کە دەچنە مەجلیس،بە پێچەوانەوە نەک نوێنەری خەڵک نین بەڵکوو نوێنەری ڕێژیمن،واتە نوێنەرایەتی رێژیم دەکەن.مانایەکی دیکەی ئەم هەڵبژاردنە ئەوەیە کە لە دەرەوەی بازنەی دیاریکراو،هیچ ئیرادە،میکانیزم و ڕێوشوێنێک بۆنوێنەرایەتی کردنی دەنگ و ویستی خەڵکی دەنگدەر نابیندرێت.بە تایبەت ئەم هەڵبژاردنانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لایەنی سەرنجڕاکێشی هەیە.بۆ نموونە کەسێک کە خۆی بۆ شوورای شار و گوند کاندید دەکات،بەڵێنێک دەدات کە لە دەرەوەی ئیرادە و دەسەلات و سەلاحییەتی ئەودایە،بە هەمان شێوە بۆ مەجلیس.ئەوەی دەبیندرێ و دەگوترێ تەنها شانتاژ و پڕوپاگاندای سەردەمی هەڵبژاردنە.خۆ ئەگەر بە گوێڕەی بەڵێنەکان بوایە،ئێستا دۆخی ژیان و گوزەرانی خەڵک نەدەگەیشتە ئەم ڕۆژە،چون بە ڕواڵەت پۆپۆلیزمێک حاکمە  وبە واقعیش بەلاڕێدابردنی دەنگ و ڕای خەڵكە.

٣-بە شداریی نەکردنی خەڵک  بە چ واتایەکە و هەتا چەندە زەربە لە ڕێژیم دەدات؟

ئێمە کە دەڵێین هەڵبژاردن لە ئێراندا لە مانای خۆی بەتاڵە و فڕی بە سەر ئیرادە و ویستی خەڵکەوە نییە،پێشـمان وایە کە بەشداریکردن تیایدا هیچ بوارێکی دێموکراتیکی نییە.گومان لەوەدا نییە کە ڕێژیم بەشێک لە ڕەوایی خۆی لە چاوی خەڵک و لە سندووقەکانی دەنگەوە دەخوێنێتەوە،واتە پێویستیی بە ڕواڵەت و ڕوخساربەندییەکی دێموکراتیک هەیە.لێرەدا با ئەوەش بڵێین کە ئەگەر چی وەک ناوەرۆک ،رێژیم باوەڕی بە دەنگی خەک نییە بەڵام لە ڕواڵەتدا پێویستی پێیەتی.هەرچۆنێک بێت بە ناونیشان و رێوشوێنی خەڵکی بوون خۆی پێناسە دەکات.هەرچۆنێک بێت هەر وەک چۆن دەنگدان لە بەرژەوەندی رێژیمدایە،دەنگ نەدانیش بە جۆرێک لێدانی بەرژەوەندەی و بردنە ژێر پرسیاری رێژیمە.بە تایبەت کە هەڵبژاردنەکانی ئەم جارە ئەگەر زیادەڕەویمان نەکردبێت لە هەستیارترین قۆناغێک بەڕێوەدەچێت کە رێژیم  دەیهەوێ پیایدا تێپەڕ بێت،قۆناغێک کە بە مانای تەواوی خۆی بۆ رێژیم چارەنووس سازە.

٤-بەشداریی کردنی خەڵک لە هەڵبژاردنەکانی پیشوودا ئایا ئاڵوگۆرێکی لە سیاست و ڕەفتارەکانی ڕێژیم پێکهێناوە؟

٥-دوای کوشتاری سەدان کەس خەڵکی ناڕازی لە مانگی خەزەڵوەر و خستنە خوارەوەی فڕۆکەی ئۆکراینی، ئایا پڕوپاگه‌نده‌ی سیاسی و ‌ ناردنی بەشێک لە خه‌ڵك بۆ سه‌ر سندووقی ده‌نگدان دەتوانێت فریای ڕێژێم بكه‌وێت و بۆی ببێتە سه‌رچاوه‌ی ڕه‌وایی وه‌رگرتن ؟

حەز دەکەم وڵامی دوو پرسیاری کۆتایی لێک گرێ بدەم.هەڵبژاردن لە سیستمی دوگم  وداخراوی وەک کۆماری ئیسلامی بە کردەوە و بە گوێڕەی ئەزموونی دەیان شانۆ و سیناریۆ هیچ کاریگەرییەکی ئەرێنی نەبووە کە لە قازانجی دەنگدەران تەواو ببێت،بە پێچەوانەوە وەک گەمەیەکی ڕووتین تەنیا لە خزمەت بەرژەوەندی دەسەڵات و دەسەڵاتداران بووە.پێم خۆشە بە کورت ئاماژە بە یەک شت بکەم،ئەویش ئەو بنبەستەیە کە ڕێژیم لە گەڵ بەرەوڕوویە چ لە سیاسەتی ناوخۆیی و چ لە سیاسەتی دەرەوەدا.ئاماژەکانی ئەم بنبەستە لە شەپۆلەکانی ڕق و ناڕەزایەتی ئەم چەند ساڵەیی دوایی دەخوێندرێتەوە.بە تایبەت لە ناوچە نەتەوەییەکان واتە ئەو هەرێمانەی کە نەتەوە بندەستەکانی لێ نیشتەجێن.نەگۆڕ بوون ،چەق بەستوویی،ناکارامەیی،وەڵامدەرنەبوونی رێژیم ئەنجامەکەی بووە بە کەڵەکە بوونی قەیرانەکان کە نەک تەنیا نەتەوەکانی ئێران بەڵكوو تەنانەت پێکهاتەی حکومەت و دەسەڵاتی ناوەندی کردووەتە ئامانج.لە وەها دۆخێکدا دەنگ نەدان جۆرێکە لە قەناعەتی سیاسی کە پێمان دەڵێت مەودا و کەلێن و ناکۆکیەکانی خەڵک و دەسەڵات لەوە بەرینتر و قووڵترە کە بە هەڵبژاردنێکی بێ مایە و بێ جەوهەر پڕ بێتەوە.درێژەی ئەم ڕەوتە دەتوانێ ئەم مەودایە بەرینتر بکات و ڕەوایەتی دەسەڵات لە هەڵبژاردن پێچەوانە بکاتەوە.