کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناسر ڕەزازی: بۆ ڕێژیمی ئێران هەرگیز پشت لە گەلەکەم ناکەم

11:38 - 5 بانەمەڕ 2720

"ناسر ڕەزازی" هونەرمەندی ناسراوی نەتەوەی کورد بەنیسبەت گەڕانەوەی ناوبراو بۆ کوردستانی ڕۆژهەڵات ڕوونکردنەوەیەکی بۆ ڕای گشتی بڵاو کردەوە و لەو ڕوونکردنەوەیەدا هاتووە جەنایەتەکانی ڕێژیمی ئێران لەبەرچاو ون ناکەین و منیش کاتێک دەگەڕێمەوە کوردستان کە کورد کەرامەت و ئیرادە و سەربەخۆیی خۆی بێت و خۆی بڕیاردەری چارەنووسی خۆی بێت.

دەقی ڕوونکردنەوەکە بەم چەشنەیە:

ئازیزان، هاوڕێیان، دۆستان و لایەنگرانی من، خەڵکی کۆڵنەدەری کوردستان!

ماوەیەکە لەسەر تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، وێنەیەکی من و دوو کەسی دیکە، کە ھی پێنج - شەش ساڵی لەمەوپێشە و لە ڕێستۆرانی "یاقووت" یان ھوتێل "ئەلبۆرز"ی سلێمانی ھەڵگیراوە و ماوەیەکی زۆری بەسەردا تێپەڕیوە و ئێستا ئاغای جەلالیزادە لەسەر تۆڕی ئینتێرنێت دایناوە، هەرای ساز کردووە و لێکدانەوەی جیاوازیان بۆ کردووە.

من وەکوو گۆرانیبێژێک ڕۆژانە لەگەڵ دەیان هەزار کەس لە کوردستان و لە هەموو جیهان وێنەم دەگیردرێ و بڵاو دەبێتەوە. کاتی وا هەیە زۆربەی زۆریان ناناسم و تەنیا لەبەر هەستی خۆشەویستی گۆرانیبێژێک کە زیاتر لە نیو سەدەیە خەبات دەکا، ئەو وێنەگەلە دەگیردرێ و هەستی خۆشەویستیی خۆیان بەرانبەر بە ئێمە نیشان دەدەن.

کاتێک لەسەر داوای ئەو دوو کەسە وێنەکە گیرا و ڕۆیشتن، ڕزگاری خۆشکەزام لەوێ بوو، لێم پرسی ڕزگار ئەم پیاوە کێ بوو، وتی خاڵۆ گیان ئەوە ئاغای جەلالیزادە بوو! بڕوام پێ بکەن ئەوە یەکەمجار بوو کە ئەو پیاوەم دەدیت. بنەماڵەی منیش پشتیوانییان لە هیچکەسێک نەکردووە بۆ هەڵبژاردن لە کۆماری ئیسلامیدا.

من شانازی دەکەم کە زیاتر لە چل ساڵە خەباتی سیاسیی – ھونەریم کردووە لە دژی کۆماری ئیسلامی و هەرگیز پشتم لە گەلەکەی خۆم نەکردووە و نایکەم.

لێرەدا حەز دەکەم نەک بۆ ئەو کەسانەی کە شتی ناشیرینیان نووسیوە و نابەرپرسانە داوەرییان کردووە، بەڵکوو ڕوو لە دۆستان و دڵسۆزان و لایەنگرانی خۆم بە پێویستم زانی ئەم ڕوونکردنەوەیە بدەم.

لە کاتێکدا کە ڕۆڵە تێکۆشەرەکانی گەلی کورد ڕۆژانە لە زیندانەکان لە ژێر زەبروزەنگدان و ئێعدام دەکرێن، کاناڵی یەکی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستی داوەتە بڵاوکردنەوەی بەشێکی کەمی یەکێک لە گۆرانییەکانی من. وادیارە فیلمسازێک فیلمێکی درووست کردووە و گۆرانییەکی حەسەن زیرەک و گۆرانییەکی منی وەکوو مووزیکی مەتن لە سەر فیلمەکە داناوە و بڵاو کراوەتەوە و من ئاگام لە ھیچ شتێک نییە و نەبووە و تەنیا دۆستان ئاگاداریان کردم کە شتێکی وا ڕووی داوە.

ئێمە ڕۆژانە سەدان کەس لەبەر ئەو خۆشەویستییەی لەناو خەڵک و گەلەکەی خۆماندا ھەمانە، وێنەمان لەگەڵ دەگرن کە زۆربەیان ناناسین و نازانین کێن. دەیان ساڵ خەباتی سیاسیی ھونەریی ناسر ڕەزازی سەلماندوویەتی کە ئێمە کێین و ھیچ کاتێک پشت لە بەرەی ڕزگاریخوازیی گەل و نەتەوەکەی خۆمان ناکەین و جەنایەتەکانی کۆماری ئیسلامی و دەستندەخۆرەکانی لەبەر چاو ون ناکەین.

هەموو حیزبەکانی کوردستان لەلای من جێگای ڕێزن و مانەوە لە ڕیزی خەباتی نەتەوەکەماندا و تێکۆشانی ماندوونەناسانە و کۆڵنەدەرانە شانازییەکی گەورەیە بۆ ئێمەیش و بۆ هەموو خەباتگێڕانی کوردستان. سروودەکان، شێعر و پەیڤەکان، بانگەوازەکان و دەربڕینە ئاشکراکانی ساڵانی ڕابردووی من شاهیدی زیندووی ئەو ڕاستییەن.

ئەوانەش کە شەکری وا دەشکێنن گوایە خەریکن من بەرنەوە بۆ ئێران، خۆیان ناشیرین دەکەن. من کاتێک دەگەڕێمەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە کورد نەتەوەی پلە دوو نەبێت و کورد خاوەنی کەرامەت و ئیرادە و سەربەخۆیی خۆی بێت و خۆی بڕیاردەری چارەنووسی خۆی بێت.