کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"ناسر ڕەزازی" پشتیوانیی لە "زارا محەممەدی" کرد

13:30 - 1 گەلاوێژ 2720

پاش دەرچوونی ١٠ ساڵ حوکمی بەندکران بۆ "زارا محەممەدی"، هونەرمەندان و کەسایەتییە ناودارەکانی گەلی کورد پشتیوانیی خۆیان لەو مامۆستایەی زمانی کوردی دەربڕی.

"ناسر ڕەزازی" هونەرمەند و گۆرانیبێژی ناوداری کوردی خەڵکی سنە لە ڤیدیۆیەکدا، پشتیوانیی خۆی لە "زارا محەممەدی" مامۆستای زمانی کوردی کە ١٠ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپاوە، دەربڕی.

ناوبراو بە ئاماژەدان بە وتەیەکی "ئیسماعیل بێشکچی" دەڵێت: "ئەگەر دەتەوێت هەر نەتەوەیەک بندەست بژیت و کۆلۆنیاڵیزم بەسەریدا زاڵ بێت، ئیجازە مەدە ئەو نەتەوەیە ئەلفبای خۆی بەکار بێنێت و نەهێڵە زمانی دایکیی خۆشی بخوێنێت".

"ڕەزازی" لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت: "زارا محەممەدی خانمێکی خەڵکی سنەیە کە ١٠ ساڵ وانەی زمانی دایکیی وتووەتەوە، بەڵام ئێستا گیراوە و لە زیندانە، لە هیچ یاسایەکی نێودەوڵەتیدا ئیزن بە شتی وا نادرێت".

ئەو هونەرمەندەی کورد داوای لە خەڵکی سنە و هەموو خەڵکی کورد لە دەرەوە و نێوخۆی وڵات کردووە کە پشتیوانی لە "زارا محەممەدی" بکەن، بۆ ئەوەی ڕێژیمی ئێران بە زووترین کات لە بەندیخانە ئازادی بکات.

لە ماوەی پێدانی حوکمی "زارا محەممەدیـ"ـدا، زۆرێک لە خەڵکی کوردستان و بەتایبەت کەسایەتییە ناودار و ناسراوەکانی کوردستان پشتیوانیی خۆیان لە ناوبراو دەربڕیوە.