کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناشناڵ ئینترێست: ئێران لە نۆژەنکردنەوەی کەرەستە ناوکییەکاندا یارمەتیی ڕێژیمی ئەسەد دەدات

12:22 - 20 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: گۆڤاری ئامریکایی "ناشناڵ ئینترێست" لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەوە کردووە، کە بە ئەگەری زۆر ڕێژیمی ئێران یارمەتیی ڕێژیمی ئەسەد بۆ نۆژەنکردنەوەی کەرەستە ناوکییەکانی دەدات.

گۆڤاری ناشناڵ ئینترێست باسی لەوە کردووە، کە ئەم کەرەستانە پێشتر لە ساڵی ٢٠٠٧دا، لە لایەن ئیسرائیلەوە لە نێو چووبوون و ئامانجی ڕێژیمی ئێران لە نۆژەنکردنەوەی ئەو کەرەستانە بەرهەمهێنانی چەک بۆ پێشگرتن لە ئیسرائیلە.

لەم ڕاپۆرتەدا هەروەها هاتووە: کۆماری ئیسلامی هەوڵ دەدات، سووریە بکاتە گۆڕەپانی سەرەکیی شەڕ لە دژی ئیسرائیل، بۆیە ئەگەری هەیە یارمەتیی ڕێژیمەکەی بەشار ئەسەد بدات بۆ ئەوەی کە سەرلەنوێ بەرنامە ناوکییەکەی خۆی دەست پێ بکاتەوە و لە بەرانبەریشدا دەستی بەو چەکە شیمیاییە بگات کە ڕێژیمی ئەسەد هەیەتی.

بەپێی ڕاپۆرتی ناشناڵ ئینترێست، وێدەچێت کە ڕێژیمی ئێران لە هەوڵی دەستپێراگەیشتن بە چەکی شیمیایی لە ئەگەری ڕوودانی شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل بێت و ئەگەری هەیە سپای پاسداران و حیزبوڵڵای لوبنانیش ئەم چەکە لە ڕێژیمی ئەسەد وەرگرن.

ناشناڵ ئینترێست هەروەها بە ئاماژە بە سەرچاوە نیزامییەکانی ئامریکا نووسیویەتی: کە لە ساڵی ٢٠١٢ـەوە ڕێژیمی سووریه و داعش زیاتر لە ٣٠٠ جار کەڵکیان لە چەکی شیمیایی وەرگرتووە.