کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نامودیرییەتیی ڕێژیمی ئێران هۆکاری سەرەکیی خەسارەتی لافاوەکان لەو وڵاتەیە

13:43 - 14 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: وەزیری دەرەوەی ئامریکا باسی لەوە کردووە، کە نامودیریەتیی ڕێژیمی ئێران، بووەتە هۆی خەسار و زیانەکانی لافاو و کارەساتی مرۆیی لێ کەوتووەتەوە.

 ڕۆژی سێشەممە، ١٣ی خاکەلێوە، مایک پۆمپێئۆ، وەزیری دەرەوەی ئامریکا، ڕێژیمی ئێرانی به هۆکاری سەرەکیی زەرەر و زیانەکانی لافاو ناو برد و باسی لەوە کردووە، کە ئامریکا ئامادەی ناردنی یارمەتیی ماڵی بۆ لافاولێدراوانە، کە لە ڕێگای ڕێکخراوی خاچی سوورەوە بە دەستی هیلالی ئەحمەری ڕێژیمی ئێران بگات.

پۆمپێئو، باسی لەوە کرد، نامودیرییەتیی ڕێژیمی ئێران، لە بواری شارسازی و ئامادەیی بۆ ڕووبەڕووبوونە لەگەڵ ڕووداوەکان، هۆکاری ڕوودانی ئەم کارەساتەیە.

وەزیری دەرەوەی ئامریکا وتوویەتی: ڕێژیمی ئێران هۆکاری دەرەکیی بە تاوانبار دەزانێت، لە حاڵێکدا نامودیرییەتیی ئەو ڕێژیمە ئەو کارەساتەی پێک هێناوە، ڕێژیمی ئێران تەنانەت چالاکانی ژینگەپارێزیی بە هۆی یارمەتیدان بە خەڵک دەسبەسەر دەکات.

هەروەها ئامریکا، ئامادەیە یارمەتی و هاوکاریی فیدراسیۆنی نێونەتەوەیی خاچی سوور و هیلال ئەحمەر بکات و یارمەتییە ماڵییەکانی ڕاستەوخۆ بە هیلال ئەحمەری ڕێژیمی ئێران بۆ خزمەت بە خەڵک بگەیەنێت.

لەم پەیوەندییەدا، محەممەدجەواد زەریف، وەزیری کاروباری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، لە تویتێکدا، گەمارۆوەکانی ئامریکای بە ڕێگر لە بەردەم گەیاندنی یارمەتی بە ناوچە لافاولێدراوەکان ناو بردووە و کەمکاری و نابەرپرسایەتیی ستادی قەیرانی ڕێژیم و بەرپرسانی ڕێژیم دەخاتە ئەستۆی ئامریکاوە.

جۆرەکانی پرۆژه ئاوەدانییە نازانستی و سەقەتەکانی کاربەدەستانی ڕێژیم و لەوانە سپای پاسدارانی ڕێژیم، لە گەورەترین هۆکارەکانی ڕوودانی ئەم کارەساتانەن؛ دروستکردنی بێهۆی بەنداوەکان، لەنێوبردنی دارستانەکان بە بیانووی دروستکردنی ڕێگای هاتووچۆ و بە دەیان پرۆژەی دیکە، لەو کارانەن کە ئەنجامدانیان لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، بە مەبەستی تێکدانی ناوچەکەیه و ڕێگا بۆ ڕووداوە سروشتییەکان خۆش دەکەن، کە بە توندی و تەوژمێکی زیاترەوە ڕوو بدەن.