کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نامەی زیندانییانی سیاسیی زیندانی ورمێ بۆ ڕوونبوونەوەی چارەنووسی "هیدایەت عەبدوڵڵاپوور"

12:06 - 20 جۆزەردان 2720

ژمارەیەک لە زیندانییانی سیاسیی زیندانی ناوەندیی ورمێ، بە بڵاوکردنەوەی نامەیەک، وێرای دەربڕینی نیگەرانی خۆیان بەنیسبەت ناڕوونیی بارودۆخی "هیدایەت عەبدوڵڵاپوور"، زیندانیی سیاسیی کورد مەحکووم بە ئێعدام خوازیاری ڕوونبوونەوەی چارەنووسی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، بوون.

ئەو نامەیە کە ئاژانسی هەواڵدەریی "کوردپا" بڵاوی کردووەتەوە بەم چەشنەیە:

ماوەی مانگێک دەبێت کە یەکێک لە زیندانییانی سیاسی و بە تایبەتی هاوبەندییەکەمان هیدایەت عەبدوڵڵاپوور لە زیندانی ناوەندیی ورمێ، ڕەوانەی گرتنگەکانی ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ئەو پارێزگایە کراوە و هەتا ئێستا هیچ کەسێک لە ئەندامانی بنەماڵەکەی لە چارەنووسی لێڵ و ناڕوونی ئەو زیندانییە سیاسییە ئاگادار نەکراونەتەوە و ئەمە لە حاڵێکدایە کە هاوژین و منداڵەکانی بە بەردەوام سەردانی بەرپرسانی پەیوەندییدار دەکەن بەڵام هیچ هەواڵێک لە چارەنووسی نییە.

خەڵکی بەڕێز

بەپێی یاسای ئێران، حەق و حقووقێک بۆ زیندانییەکان لە بەرچاو گیراوە کە یەکێک لەو مافانە؛ پەیوەندی‌گرتنە لەگەڵ ئەندامانی دەرەجە یەکی بنەماڵەکەیان، بەڵام بەداخەوە ئەو زیندانییە سیاسییە هەتا ئێستا لەو مافە بێبەری بووە و وەها بارودۆخێک نیگەرانییەکانی زیاتر کردووە. ئێمە وەک زیندانییانی سیاسیی وێڕای دەربڕینی نیگەرانی تووند لەو بارودۆخە و ناڕوونیی چارەنووسی ئەو زیندانییە، خوازیاری ڕوونبوونەوەی چارەنووسی "هیدایەتی عەبدوڵڵاپوور"ین.

ژمارەیەک لە زیندانییانی سیاسی

زیندانی ناوەندیی ورمێ