کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نامەی سەرئاوەڵای ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنیی کوردستان بۆ سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران

11:13 - 14 گەلاوێژ 2720

کۆمەڵێک لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنیی کوردستان لە نامەیەکی سەرئاوەڵا بۆ سەرکۆماری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران ڕایانگەیاندووە: "هەوڵ بدەن پرسی زمان لە چوارچێوەی پرسەکانی ئاسایشی نەتەوەییدا نەمێنێت".

لە بەشێکی دیکەی ئەم نامەیەدا هاتووە: " ئەمڕۆکە زارا محەممەدی، مامۆستای خۆبەخشی زمانی کوردی، سزای دە ساڵ زیندانی بۆ دەبڕدرێتەوە، ئەوە بە بڕوای ئێمە نیشانەیەکی ڕوونی دوورکەوتنەوە لە مافی ئاپۆرە زمانییەکانە".

دەقی نامەکە بەم چەشنەیە:

بۆ سەرکۆماری کۆماری ئیسلامیی ئێران

وەک ئاگادارن، چیرۆکی تاڵی زمانەکانی ئەم سەرزەمینە، چیرۆکی پشتگوێ خستنی سەرلەبەری میراتی مێژوویی و کەلتووریی سەردەمی پاش ئیسلامی خەڵکی ئەم ناوچەیە و پاشان پەنا بردن بۆ زمانی فارسی وەک تاکە هۆکاری ناسنامەبەخشی خەڵکی ئەم وڵاتە بووە. بەڵام وەلانانی سەرجەم بنەماکانی شوناس و دامەزراندنی ناسنامە لەسەر بنەمای زمانی فارسی و پەنا بردن بۆ ڕابردووی بەر لە ئیسلام لە سەردەمی پاشایەتیی پەهلەویدا، پێویستی بە حاشا کردن لە فرەچەشنیی زمانی و کەلتووری بوو و ئەمەیش، حاشا کردن لە بوونی زمانەکانی دیکە و لەبەر چاو گرتنی سەرەتاییترین مافە زمانییەکانی لە چوارچێوەی پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی-دا لێ کەوتەوە. ئەگەرچی لەو سەردەمەدا لە یاسای بنەڕەتیی مەشرووتەدا بە ڕاشکاوی باس لە ڕەسمی بوونی زمانی فارسی نەکرابوو، بەڵام سیاسەتی سڕینەوەی زمانەکان بە توندترین شێوە جێبەجێ دەکرا.

بە ڕووخانی ڕژێمی پەهلەوی، هیوا و خولیاکانی خەڵک، سیاسەتوانان و بیرمەندانی بۆ هاتنە ئارای سیستمێکی مرۆڤ‌سەروەری فرەچەشنی زیندوو کردەوە بەڵام بەداخەوە دیسانەوە چەمک و تێگەکانی گوتاری زاڵ خۆی بەسەر زمان و دامەزراوە نوێیەکانیشدا سەپاند و ئەویدیسازی بوو بە سەرچەشنێکی هزری-کردەوەیی لەم سەرزەمینەدا و ئەگەرچی لە بڕگەکانی یاسای بنەڕەتیدا باسێک لە مافی زمانەکانی ‌تر کراوە، زمان و شوناسە نافارسییەکان بۆ پلەیەکی خوار دابەزێندران.

دەمانەوێت بە ڕاشکاوی ئەم خاڵەتان وەبیر بێنینەوە: ئەگەر سەردەمی وەلانانی میراتی مێژوویی و کەلتووریی چاخی پاش ئیسلام لە میراتی خەڵکی ئەم سەرزەمینە کۆتایی پێهاتووە، سەردەمی دامەزراندنی شوناسی ئەو خەڵکە لەسەر بنەمای زمانی فارسیش کۆتایی پێهاتووە. بەڵام بەداخەوە هێندێک لە چەمکەکانی گوتاری زاڵی ئەو سەردەمە، تا ئێستاش ئەوەندە بە گومان هەڵنەگر دانراون کە هێشتاش وەلانانی زمانە نافارسییەکان لە سیستەمی پەروەردە و پێکهاتەی ئیداریی  ئەم وڵاتە، بە شتێکی زۆر سروشتی و ئاسایی و گومان هەڵنەگر دادەنرێت.

ئێمە پێمان وایە کە نەک هەر مافی پەروەردەی زمانە نافارسییەکان، بەڵکوو مافی پەروەردە بەو زمانانە، مافی سەرجەم کۆمەڵە زمانییەکانی ئەم سەزەمینەیە و پەروەردە بەم زمانانە و هەنگاونانی حکوومەت بۆ پاراستن و پێدانی مافی بەرانبەری ئەم شوناس و زمانانە، پێویستە. ئەگەر ئەمڕۆکە تاکە فەرهەنگستانی زمان لەم سەرزەمینەدا فەرهەنگستانی زمان و ئەدەبی فارسییە و ئەگەر دامەزراوەگەلێک وەکوو دامەزراوەی سەعدی بۆ پەرەپێدانی زمانی فارسی، بودجەکەیان لە بەیتولماڵەوە دابین دەکرێت، زمانەکانی دیکەی خەڵکی ئەم وڵاتەش ئەو مافەیان بەسەر بەیتولماڵەوە هەیە؛ مافێک کە لەژێر کاریگەریی گوتاری خۆسەپێندا لەبەرچاو نەگرتنی بووەتە بابەتێکی گومان هەڵنەگر.

ئەگەر دیسانەوە فێرکاری و پەروەردەی زمانە نافارسییەکان وەکوو جاران بخرێتە چوارچێوەی پرسەکانی ئاسایشی نەتەوەیییەوە، بە شێوەیەک کە تا ئێستا بەڕوونی لە هەردوو بواری نەرم و سەختی دەسەڵاتەوە جێبەجێ ‌کراوە، بە شێوازێکی نەخوازراو و خۆمەش درێژەی سیاسەتی تاک زمانی دەخاتە ناو بیر و زەینەوە. ئەگەر ئەمڕۆکە "زارا محەممەدی"، مامۆستای خۆبەخشی زمانی کوردی، سزای دە ساڵ زیندانی بۆ دەبڕدرێتەوە، ئەوە بە بڕوای ئێمە نیشانەیەکی ڕوونی دوورکەوتنەوە لە مافی ئاپۆرە زمانییەکانە.  شەرمەزارکردنی حوکمی زیندانیکردنی "زارا موحەممەدی" و داوای هەڵوەشانەوە ئەو حوکمە لەلایەن ئێمە واژۆکەرانی ئەم نامەیەوە، وەکوو بەشێک لە چالاکوانانی کۆمەڵگای مەدەنیی کوردستان، شەرمەزار کردنی پێڕەوکردنی سیاسەتی ئەویدیسازی و هەڵاواردنی زمان و شوناسە نافارسییەکان و بەئەمنییەتیکردنی پرسی زمانە. داواکاریشمان ئەوەیە کە هەوڵ بدەن پرسی زمان لە چوارچێوەی پرسەکانی ئاسایشی نەتەوەییدا نەمێنێت، بەدوای پرسی سزای زیندانی زارا موحەممەدیدا بچن و بۆ بەدیهێنانی مافە زمانییەکانی ئاپۆرە زمانییەکانی ئەم سەرزەمینە هەنگاوی پێویست هەڵێنن.