کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نان لە ئێراندا ڕۆژبەڕۆژ گرانتر دەبێت

12:44 - 3 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: بەهای نان لە وڵاتی ئێراندا، ڕۆژبەڕۆژ گرانتر دەبێت و تاکوو ئێستاش نان بەهایەکی دیاریکراوی نییە.

"بیژەن موقەددەم"، سەرۆکی یەکیەتیی نانواکانی ئێران، ڕایگەیاندووە: "دووشەممەی حەوتووی ڕابردوو لە کۆبوونەوەیەکدا بڕیار لەسەر بەهای نانی دەوڵەتی درا و ئێمە بەها پیشنیاریییەکانی خۆمان بە ناوەندەکانی تر ڕاگەیاندووە، بەڵام هێشتا ڕوون نییە کە کام یەک لە بەهاکان پەسەند دەکرێت."

ناوبراو هەروەها ڕایگەیاندووە: "بڕیارە ڕێکخراوی پاڵپشتی، بە هەڵسەنگاندنی وردبینانەتری بەهاکان لە لایەن یەکیەتیی نانواکان و ڕێکخراو و سەرچاوەکانی ترەوە، بەهای یەکلاکەرەوە و کۆتایی نان بە خەڵکی ئێران ڕابگەیەنێت."

جێی ئاماژەیە کە پێشتریش سەرۆکەکانی یەکیەتییەکانی نانە فانتزییەکان، نانە سۆنەتییەکان و یەکیەتی و ڕێکخراوە پەیوەندیدارەکانی تر باسیان لە گرانبوونی بەهای سەرجەم جۆرەکانی نان کردبوو و لەم پەیوەندییەشدا، ڕۆژنامەی "شەهروەند"ـی سەر بە ڕیژیم بڵاوی کردبوووە کە بڕیار وایە نرخی نانی لەواش ببێتە ٥٠٠ تمەن، نان تافتوون ببێتە ١٠٠٠ تمەن و بەڕبەڕی و سەنگەک ببنە ٣ هەزار تمەن.

بە هۆکاری سیاسەتە سەرەڕۆکانی دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی ئێران لە نێوخۆ و دەرەوەی سنوورەکانی ئەو وڵاتە و گەمارۆکانی سەر ئێران و سەرهەڵدانی قەیران و دیاردە نێوخۆییەکان، ڕۆژبەڕۆژ بەهای شتومەک و خواردەمەنییەکان و بەتایبەت پێداویستییەکانی ژیان لە بازاڕەکانی ئێراندا گرانتر دەبێت و بەرپرسان و کاربەدەستانی ڕیژیم بە دزی، تاڵان، گەندەڵی و...، خۆیان لە سەرجەم کێشە و گرفتە نێوخۆییەکانی ئەو وڵاتە ڕزگار کردووە.