کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نان و دانەوێڵە ٥٢.٦ لەسەد گرانتر بووە

11:23 - 3 خەزەڵوەر 2720

ناوەندی ئاماری ئێران بڵاوی کردووەتەوە، گوندنشینەکان بۆ دابینکردنی نان و دانەوێڵە لە مانگی ڕەزبەری ئەمساڵ لەچاو ساڵی ڕابردوو، لەگەڵ گرانیی ٥٨.٩ لەسەدی و شارنشینەکان لەگەڵ گرانیی ٥٠.٧ لەسەدی بەرەوڕوو بوونەتەوە.

بەپێی ئەو ئامارەی ڕێژیمی ئێران، نرخی خۆراک و خورادنەوەکان زیاترین نرخی هەڵاوسانیان تۆمار کردووە.

لە ڕاپۆرتی ناوەندی ئاماری ڕێژیمی ئێران، ئاماژە بە چوونەسەرەوەی نرخی دانەوێڵە، سەوزە، گۆشتی ئاژەڵەکان و هەروەها خزمەتگوازییە ماشینییەکان لە پێوەندی لەگەڵ کشتوکاڵ و ئاژەڵداری کراوە کە بەشێکی بەرچاو لە قەیرانە ئابوورییەکانی ئێران لەقەڵەم دەدرێن.

ساڵی ٩٦ی هەتاوی، ستادی ڕێکخستنی بازاڕ لە کۆتایییەکانی مانگی خەزەڵوەردا، نرخی نانی ١٥ لەسەد گران کرد، بەڵام ئەو بڕیارە دوای چەند ڕۆژ هەڵوەشایەوە. هەنووکەش کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران باس لەوە دەکەن کە نرخی ئارد و گەنم لە ئێران بەرز دەکەنەوە و بە هەمان شێوەش نان گرانتر دەکەن.

وادەی گرانبوونی شتومەکە سەرەکییەکان لە سەرەتای خولی نوێی سەرکۆماریی "ڕووحانی" بە خەڵک درا؛ لەو وادە و بەڵێنانە بڕیار وابوو کە نرخی بێنزینیش گرانتر بێت و بەرپرسێکی ڕێژیم وتبووی، بەداخەوە دوو ساڵە نرخی بێنزینمان بەرز نەکردووەتەوە و لە دەوڵەتی نوێی "ڕووحانیـ"ـدا ئەو وادەیە کردەیی دەکەین.