کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نان گرانتر دەبێ

11:15 - 24 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: هاوکات لەگەڵ گران بوونی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان و وادە و بەڵێنییەکانی ڕێژیم بۆ کۆنترۆڵ کردنی بازاڕەکان، هەواڵدەرییە حکوومەتییەکان باسیان لە گرانتر کردنی نان لە شارەکانی کوردستان کرد.

هەواڵدەرییەکانی رێژیم ئاشکرایان کردووە، بەشێوەی نێونجی نرخی نان ٢٧% زیادی کردووە بەچەشنێک کە نرخی نانی لەواش لە پارێزگای سنەدا دەبێتە ٢٠٠ تمەن، نرخی سەنگەک ٧٠٠ تمەن و نرخی بەڕبەڕی بۆ ٦٥٠ تمەن هەڵدەکشێ.

هەروەها چەند ڕۆژ پێش سەرۆکی یەکیەتیی نانی سەنگەک ڕایگەیاند کە داوامان کردووە نرخی نانەکەمان زیاد بکرێت و پێشنیاریشمان کردووە کە نان بەشێوەی کیلۆیی بفرۆشرێت.

ئەم هەواڵە لە کاتێکدا بڵاو دەبێتەوە کە پێشتر لێپرسراوانی رێژیم و یەک لەوان حەسەن ڕوحانی بەردەوام وادەی ئەوەیان دەدا کە ناهێڵن نرخی شتومەک و پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان گران ببێت.

ئەم گرانییە ڕۆژانە، بە تەواوی مانا خەڵکی کەم داهات و هەژاری کۆمەڵگەی خستووەتە ژێر کاریگەری خۆی و ڕۆژانە فیلم و وێنەی ئەو چینە لێقەوماوە بڵاو دەبێتەوە کە بۆ دابینکردنی ژەمە خواردنێکی ئاسایی و بە ناچاری ڕوو لە سەتڵی زبڵەکان دەکەن.