کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نانواخانەکانی کوردستان مەترسیی داخرانیان لەسەرە

11:02 - 21 رەزبەر 2720

کێشه‌ی نان و ئارد له شاره‌كانى كوردستان زۆر بووه و ئاردیش پەیدا نابێت و هاووڵاتییان باس لەوە دەکەن نانواخانەکان پێش کاتی دیاریکراوی خۆیان نانواخانەکان دادەخەن.

 بەپێی زانیارییەکان، نان لە زۆربەی شارەکانی کوردستان دەست ناکەوێت و لە بۆکان دووکان و نانواخانەكان تەنيا ١٠ نان بە هەر نەفەرێک دەفرۆشن.

لە شارەکانی بۆکان، سەقز، ورمێ، خۆی، سایین قەڵا و چەند شاری دیکەی کوردستان ئارد نییە و نانیش بە کەم بە خەڵک دەدرێت.

جیا لە نەبوونی نان و ئارد، خواردەمەنییەکانی دیکەش گرانە و خەڵک ناتوانن بیکڕن.

کیسەی برنجی ۱۰ کیلۆیی پاکستانی لەنێوان ٢٦٠ هەزار هەتا ۳۰٥ هەزار تمەندایە کە لە چاو مانگێک لەوە پێش زیاتر لە ٥٠ هەزار تمەن گران بووە. هەروەها ڕۆن، ماکارۆنی، قەند، دانەوێڵەکان، پاککەرەوەکان و میوە و سەوزی لە بازاڕدا بەردەوام گران دەبێت.

شیرکەتەکانی بڵاوکەرەوەی کاڵا خواردەمەنییەکان دەڵێن، بەردەوام لە کارخانەکانەوە شتەکان گران دەبن، بۆ نموونە لە یەک مانگدا چوار جار نرخی نوشابە گران بووە.

کارخانەکان هیچ کاڵایەک بە قەرز یان چەک نادەن، بەڵکوو پارەکەی لە پێشدا وەردەگرن و لە بەرانبەر کەیفیەتیشدا کەمتر وڵامدەرن .