کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نانی خەڵکی هەژاری ئێران و کوردستان تەنانەت لە زبڵدانی بەرپرسانی ڕێژیمیشدا نییە

13:50 - 29 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: وڵاتی ئێران کە لە بواری سەرچاوە سروشتییەکانەوە وڵاتێکی دەوڵەمەند و بەپیتە، بە هۆی سیاسەتە چەوتەکانی ڕێژیمی ئێران، خەڵکەکەی بۆ تێرکردنی خۆیان، لە نێو زبڵدانەکاندا بە دوای ژمەکانیان دەگەڕێن.

هەواڵنێری کوردستان میدیا لە شاری سنە، گرتەیەکی ڤیدئۆییەکی بۆ ماڵپەڕی کوردستان میدیا ناردووە، کە تێیدا ژنێک پیشان دەدات، کە بۆ تێرکردنی سکی خۆی و مناڵەکانی بە دوای خواردن و پێخور لە نێو زبڵدانێکدا دەگەڕێت کە لە بەرانبەر ئیدارە و زانستگەی تەربییەت موعەلیمی ڕێژیمی ئێران لە شاری سنە دانراوە.

لەو گرتە ڤیدئۆیەدا ژنێک پیشان دەدرێت کە نیوەی جەستەی خۆی لە نێو زبڵدانەکە کردووە، هەتا ئەوەی بتوانێت لە نێو پاشەڕۆک و پاشماوەی خواردن و پێخۆرەکانی ئەو ئیدارەیە شتێک بۆ خۆی و بنەماڵەکەی بدۆزێتەوە، بەڵام هەر وەک لە ڤیدئۆوەکەدا دیارە هەوڵ و تەقەلاکانی ئەو ژنە بێئاکامە و هیچ پاشماوەیەک نابینێتەوە هەتا سکی برسیی خۆی و مناڵەکانی بۆ ژەمێک تێر بکات.

لە شارەکانی کوردستان کە یەکێک لە دەوڵەمەندترین شوێنەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوینە و لە لایەن داگیرکەرانی ئاخوندەوە دەستی بەسەردا گیراوە، دەبێت ژنانی ئەو کۆمەڵگایە کە نیوەی حەشیمەتەکەی پێک دێنن، بۆ تێرکردن و ڕزگابوون خۆی و مناڵەکانیان لە دەستی برسیەتی، کەرامەتی خۆیان بشکێنن و لە نێو زبڵ و پاشەڕۆکی خواردنی بەرپرسە ستەمکارەکانی ڕێژیمدا بە دوای خواردندا بگەڕن، لە حاڵێکدا ژنانی کۆمەڵگاکانی دیکە کە نیوەی ئێران و کوردستان خاوەن سامانە سروشتییەکان نین، لە باشترین دۆخدا دەژین و لە ئیدارەی کۆمەڵگادا دەوری بەرچاویان هەیە.