کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"نانی پیرۆز" لە هۆلەند نمایش کرا

10:53 - 6 سەرماوەز 2720

فیلمی "نانی پیرۆز" کە دوایین بەرهەمی "ڕەحیم زەبیحی" سینەماکاری کۆچکردووی کوردە، لە فیستیڤاڵی فیلمی "ئەمێستردام" نمایش کرا.

ئەو فیلمە باس لە ژیانی کۆڵبەرانی کوردستانی ڕۆژهەڵات دەکات و "توورەج ئەسڵانی' دەرهێنەر و بەڕێوەبەری وێنەگرتنیەتی و، لەلایەن کۆمپانیای "ماد موڤیـ"ـیەوە بەرهەم هێنراوە. 

"توورەج ئەسڵانی"، بەرهەمهێنەری فیلمەکە باسی لەوە کردووە، فیلمەکە ژیان و چەرمەسەریی کۆڵبەرانی کورد پێشان دەدات و ئەوان کەسانێکن کە بەهۆی نەبوونی دەرفەتی کار لە شوێنی خۆیاندا ناچارن ئەو کارە سەختە بکەن.

"توورەج ئەسڵانی" ئاماژەی بەوە داوە کە "ڕەحیم زەبیحی"، سینەماکاری کۆچکردوو، بۆ بەرهەمهێنانی فیلمی نانی پیرۆز ١٠ ساڵ لەگەڵ کۆڵبەرەکاندا ژیاوە.

"نانی پیرۆز" لە درێژەی نمایشەکانی خۆیدا لە فێستیڤاڵی نێوەدەوڵەتیی فیلمی "ئیدفا"، بڵاو کراوەتەوە.

ئەم بەرهەمە نێودەوڵەتییە بەڵگەنامەییە لەلایەن کۆمپانیای "ئێلی ئیمەیج"ـەوە بڵاو کراوەتەوە 

فیستیڤاڵی نێوەدەوڵەتیی فیلمی "ئامێستردام" بە گرینگترین فێستیڤاڵی بەڵگەنامەیی جیهان ئەژمار دەکرێت.