کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"نا"وتنی کوردستان و وەخۆکەوتنی ڕێژیم

17:46 - 28 جۆزەردان 2721

بەپێی دواڕاپۆرت و هەواڵەکان لە پێوەندی لەگەڵ رێژەی بەشداری خەڵک لە شارەکانی کوردستان لە پڕۆسەی بەناو هەڵبژاردن، کەمترین ڕێژە ئامادە بوون کە لەم شانۆگەرییەدا بەشدار ببن.

لەم چوارچێوەیەدا و بەپێی دوایین زانیارییەکان ڕێژیم وەخۆ كەوتووە و هێندێك رێكاری گرتووەتە بەر بۆ ئەوەی بەشداری نەكردنی خەڵك زۆر بەرچاو نەكەوێت؛ بۆنموونە ئەو شوێنانەی كە بۆ دانانی سندووق و دەنگدان دیاری كرابوون كەم كراونەتەوە، بە تەلەفوون پێوەندی بە خەڵكەوە دەكرێت و وادەی دانی پارەیان پێدەدرێ لە ئەگەری بەشداری کردن، بەكرێگیراوان و بەرژەوەندیخوازانیان بە جلوبەرگی كوردییەوە هێناوەتە شوێنی دەنگدانەكان، لە ڕێگای هێندێك كەسی خۆفروش و بەكرێگیراوەوە هەڕەشە لە خەڵک دەکریت، هێندێك لە خەڵكی خۆفرۆش لە شوێنێك كۆ دەكرێنەوە و وێنە و فیلمیان لێهەدەگرنەوە بۆ بڵاوكردنەوە تا وا پیشان بدەن كە سەر سندوقەكانی دەنگدان قەرەباڵغە و بەشداری زۆر كراوە و هەروەها لە دیمەنە بڵاوکراوەکانی دەنگوڕەنگی ڕێژیم هەوڵ دراوە لە تەسویر و وێنەی هەڵبژاردنەکانی پێشووتر و سەفی وەرگرتنی ماددە خۆراکییەکانی وەک مریشک و ڕۆن کەڵک وەربگیرێ کە لە مانگەکانی ڕابردوودا گیرابوون.

لەم پێوەندییەدا محەممەد ساحێبی ئەندامی دەستەی کارگێڕی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە لاپەڕەی فەیسبووکی خۆیدا نووسیویەتی: "كۆماری ئیسلامی وەك ڕێژیمێكی توتالیتێری مەزهەبی لەگەڵ قەیرانگەلی جۆراوجۆر بەرەوڕوویە و چارەنووسی لە ڕێژیمە هاوچەشنەكانی خۆی بەدەر نییە و درەنگ یا زوو بە دەردی سەدام حسەینەكان دەچێ؛ بەڵام ئەوەی گرینگە ئەو خۆفرۆش و بەكرێگیراو و بەرژەوەندیخوازانەن كە چۆن بیر لە داهاتووی خۆیان و ماڵ و منداڵیان ناكەنەوە و دەبنە دەسكە و دارەدەست لای ڕێژیم و مۆرەی جەنایتكارێكی وەك ڕەئیسی یا هەر مۆرەیەكی دیكەی ڕێژیم؛ بێگومان ئەو جۆرە كەسانە كە لە دژی خواست و ئیرادەی نەتەوەكەی خۆیان دەوەستنەوە لەوەی كە هەن سوك و ڕیسواتر دەبن."