کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوندەکانی مافی مرۆڤ: ئێران بە پچڕاندنی هێڵی ئینتێرنێت تاوانەکانی دەشارێتەوە

17:01 - 9 رەشەمه 2720

ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی وێڕای سێ ناوەندی مافی مرۆیی ''ئارتیکێل ١٩، ئەکسێس ناو و گرووپی میان'' لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا بەنیسبەت خۆپیشاندانەکان و پچڕانی هێڵی ئینتێرنێت لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان نووسیویانە کە ئەو ‌هەوڵەی ڕێژیم بۆ شاردنەوەی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و تاوانە نێونەتەوەییەکان ئەنجام دەدرێت.

لەو بەیاننامەیەدا وێڕای ئاماژەدان بە کوژرانی لانیکەم ١٠ کەس کە یەکێکیان منداڵە، جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە پچڕاندنی ئینتێرنێت لەو پارێزگایە لە حاڵێکدایە کە پارێزگای سیستان و بەلووچستان ژێرخانی ئینتێرنێتی لاوازی هەیە و خەڵکێکی کەم دەستیان پێ ڕادەگات.

لە بەشێکی دیکەی ئەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە زیاتر لە ٩٥ لەسەدی بەکارهێنەران بۆ دەسپێڕاگەیشتن بە ئینتێرنێت لە مۆبایل کەڵک وەردەگرن، پچڕانی ئینتێرنێتی مۆبایل بەو مانایەیە کە هیچ دەستپێڕاگەیشتنێک بە ئینتێرنێت نییە.

ڕێژیمی ئێران پێشتریش لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکانی خەزەڵوەری ٩٨ بۆ ماوەی چەند ڕۆژ هێڵی ئینتێرنێتیان لە هەموو شارەکان داخستبوو.

ڕێکەوتی ٤ی ڕەشەمە نزیکەی ١٥ کاسبکاری بەلووچ بە تەقەی هێزەکانی ڕێژیمی ئێران کوژران، لە کاردنەوە بەو جینایەتە خەڵکی زۆربەی شارەکانی سیستان و بەلووچستان دژی ڕێژیم هاتنە سەر شەقامەکان و هێرشیان کردە سەر ناوەندەکانی ڕێژیمی ئێران کە هەتا ئێستاش بەردەوامە.