کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوچە پەراوێزخراوەکانی ئێران، بەدەست کەمیی پزیشکەوە دەناڵێنن

11:57 - 31 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: ناوچە پەراوێزخراوەکان لە وڵاتی ئێراندا، سەرەڕای بوونی چەندین کێشە و گرفتی دیکەوە، پزیشکیشیان بە ڕادەی گونجاو نییە.     

بە وتەی ئەندامێکی کۆمیسیۆنی بێهداشت و دەرمان لە مەجلیسی ڕێژیمدا، لە ناوچە پەراوێزخراوەکاندا، ناوەندە دەرمانییەکان لەگەڵ کەمیی پزیشک بەرەو ڕوون. ڕێژەی کەمی پزیشک لە چاو پێنج ساڵ پێش، زۆر خراپتر بووە.

ئەم بەرپرسەی ڕێژیم لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لەوە کردووە کە کاتێک پزیشکێک دەنێردرێتە ناوچە پەراوێزخراوەکان، پرۆژەکەی خۆی دەفرۆشێت و دەگەڕێتەوە شارەکان.

نەبوونی پزیشکی پێویست لە ناوچە پەراوێزخراوەکان لە کاتێكدایە کە خەڵکی ئەم ناوچانە بە دەست کێشەی زۆری دیکەی، وەک: نەبوونی ئاوی خواردنەوە، نەبوونی قوتابخانە و ڕێگای هاتوچۆی ستاندارد و چەندین کێشەی دیکەوە دەناڵێنن.

لە هەندێک لە ناوچەکانی لوڕستان و سیستان و بەلووچستاندا، خەڵک بۆ دەستکەوتنی ئاوی خواردنەوە ناچارن کەڵک لە ئاوی گۆماوەکان وەربگرن کە هیچ پێوەرێکیان بۆ گونجاویی بەکارهێنان نییە و ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکان زیاد دەکات. لە ماوەکانی ڕابردوودا، سێ کچی منداڵ لە کاتی دەرهێنانی ئاو لە یەکێک لە چاڵ ئاوەکان لە سیستان و بەلووچستاندا، کەوتنە نێو ئاو و گیانیان لەدەست دا.