کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوچە پەراوێزنشینەکانی سنە لە پیداویستییە ڕۆژانەکانیان بێبەشن

18:40 - 20 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: دانیشتوانی ناوچە پەرواێزنشینەکانی "نەنەڵە"ی سنه لە سەرەتاییترین ئیمکاناتی ژیان بێبەشن و هیچ ئیمکاناتێکیان نییه.

هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بڵاویان کردووەتەوە کە "نەنەڵە"ی سنە کە یەکێک لە ناوچە پەراوێزنشینەکانی شاری سنەیە و تەنیا ٥ کیلۆمیتر لە ناوەندی پارێزگاوە دووره، دانیشتوانەکەی لە سەرەتاییترین ئیمکاناتی ژیان بێبەشن و هیچ ئیمکاناتێکیان نییه.

هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ئێران باسیان لەوە کردووە بۆ ئەوەیکە مانای "بێبەش‌بوون" بزانن تەنیا سەردانێکی ئەو ناوچەیە بکەن و خۆتان لە ماناکەی تێدەگەن، هیچیان نییە و لە سەرەتاییترین ئیمکاناتی ژیان بێبەشن.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتەی هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ئێران، نەنەڵە هێچ ڕێگاوبانێکی نییە، ئیمکاناتی ئامووزشی و ڕفاهی، وەرزشی، فەرهەنگی، دەرمانی و خەدەماتی نییه.

لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە، دانیشتووانی نەنەڵە نوقمی کێشە و گرفتەکانن و منداڵانی ئەو ناوچەیە هیچ ئیمکاناتێکی تەفریحیان نیه.

بێبەشی و بێ ئیمکاناتی ئەو ناوچەیە لە کاتێکدایە کە شارەداریی سنە مانگی خەرمانانی ساڵی ڕابردوو کە بەربژێری پۆستی شارەداری بوو، بەڵێنی دابوو کۆتایی بە بێسەروبەرییەکان بهێنێ و سرنیاکردنەوە و خزمەتگوزاریی لەم جۆرە ناوچانە بخاتە گەڕ، بەڵام تا ئیستا هیچ کارێک ئەنجام نەدراوە.

سەرۆکی شۆرای شاری سنە مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵ ڕایگەیاند، خزمەتگوزاریی و پێڕاگەیشتن بە شوێنەکانی وەک "نایسەر، نەنەڵە، حەسەن ئاوا، گرێزه، قار و دووشان" لە کارە سەرەکییەکانی ئێمەن بەڵام هیچ کارێک لەو بارەیەوە ئەنجام نەدراوە.

لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە بەپرسانی شاری سنه هەر چەند مانگ جارێک بەڵێنی پێڕاگەیشتن و خزمەتگوزاری دەدەن بەڵام تەنیا ئەوە لە چوارچێوەی پڕۆپاگەندا و دروشمدا ماوەتەوە.