کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوچەی دێهلۆران بەدەست بێئاوییەوە دەناڵێنن

13:13 - 7 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: گوندەکانی ناوچەی دێهلۆران، لە گەرمترین کاتەکانی ساڵدا، ئاویان نییە.

بەپێی ڕاپۆرتێکی بڵاوکراوە لە هەواڵدەریی "تەسنیمـ"ـی سەر بە ڕێژیم، گوندەکانی ناوچەی دێهلۆرانی سەر بە پارێزگای ئیلام، بەدەست کەم ئاوییەوە دەناڵێنن و ئاوی خواردنەوەیان نییە.

لەگەڵ هاتنی وەرزی هاوین و بەرزبوونەوەی پلەی گەرما بۆ ٥٠ پلە لە پارێزگای ئیلامدا، گوندەکانی دەوروبەری ناوچەی دێهلۆران، لە ڕۆژێکدا تەنیا یەک کاتژمێر ئاویان هەیە.

هاووڵاتییانی ئەم ناوچەیە ڕاگەیاندووە کە بۆ چارەسەریی کێشەی بێ ئاوی، سەردانی ئیدارەی ئاو و ئاوەڕۆ و فەرمانداری و شوێنە پەیوەندیدارەکانی ئەو شارەیان کردووە، بەڵام بێجگە لە پێدانی وادە و بەڵێنیی درۆ و  بێبنەما، هیچ هاوکارییەکیان لە ڕاستای چارەسەرکردنی کێشەکانیان نەکردووە.

وێڕای ئەوەی کە دوو مانگ بەسەر شکانی لوولەی ئاوی گوندی "بیشە"ی ناوچەی دێهلۆراندا تێدەپەڕێت، هەتا ئێستا ئەم لوولەیە چاک نەکراوەتەوە. شکانی ئەم لوولەی ئاوە، ئەگەری پیسبوونی ئاوی ئەم گوندەی چەند قات کردووەتەوە.

نەبوونی ئاو لە گەرمترین کاتەکانی ساڵدا، کێشەیەکی دیکەی بۆ خەڵکی پارێزگای ئیلام، لە پاڵ کێشەکانی دیکەی وەک: بێکاری، پیسیی هەوا و گرانی و...، دروست کردووە، کە بووەتە هۆی خەمۆکبوونی خەڵکی ئەم پارێزگایە.