کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوی پێشێلکارانی مافی مرۆڤی کوردستان بڵاو دەکرێتەوە

13:26 - 27 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کە ئاژانسێکی مافی مرۆیییە بۆ یەکەمجار، ناوی پێشێلکارانی مافی مرۆڤ لە کوردستان بۆ ڕای گشتی بڵاو دەکاتەوە.

لەو لیستەدا ناوی ئەو کەسانەی کە لەژێر ناوی "ناوەندی (بانکی) ئیتلاعاتی پێشێلکارانی مافی مرۆڤ لە کوردستان" بڵاو دەکرێتەوە، ناوی بەرپرسانی دادوەریی و ئیتلاعاتیی ڕێژیمی ئێران لە شاری سنە، تۆمار کراوە.

ناوی ئەو کەسانەی لە لایەن سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە لە دادگای شاری سنە، بۆ ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا نێردراوە و بە هۆکاری ئەمنییەتی نەیویستووە ناوی بڵاو بکرێتەوە.

ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بەدواداچوونێکی زۆری بۆ دڵنیابوون لەسەر زانیارییەکانی لیستی ناوی ئەو بەرپرسانەی ڕێژیم کردووە و هەوڵی داوە کە کەمترین هەڵە و زانیاریی نادروست لەم بارەوە بڵاو بکاتەوە.

ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ١ی گەلاوێژی ساڵی ٩٠ی هەتاوییەوە دەستی بە چالاکی کردووە و ئامانج لە وەگەڕخستنی "كوردپا، ئاژانسی هەواڵدەریی كوردستان " پڕكردنەوەی ئەو بۆشایییە هەواڵدەرییە وردەیە لە كوردستان. هەروەها سەرتاسەری و گشتگیركردنی ڕووداوەكانی كوردستان و گواستنەوەی ڕاست و وردی ئەو ڕووداوانە بۆ ماڵپەڕ و ڕاگەیەندنە هەواڵییەكانی دیكە لە گرینگترین ستراتیژییەكانی ئەم ئاژانسە دێنە ئەژمار.

كوردپا، ئاژانسی هەواڵدەریی كوردستانه، کە بە ڕەچاوكردنی تەواوی پرنسیپ و بنەما ئێخلاقی و مرۆیییەكان بە مەبەستی دۆزینەوە و شەفافسازیی ڕاستییەكان چالاكی دەكات.