کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی ئاماری ڕێژیم ئیدعا دەکات کە نرخی بێکاری لە وەرزی بەهاری ئەمساڵدا ٨.٨ لەسەد بووە

12:47 - 24 پووشپەڕ 2721

ناوەندی ئاماری ڕێژیمی ئێران ئیدعا دەکات کە نرخی بێکاری لە وەرزی بەهاری ئەمساڵدا بەنیسبەت وەرزی بەهاری ساڵی ڕابردوو یەک لەسەد دابەزیوە و گەیشتووەتە ٨.٨ لەسەد.

ناوەندی ئاماری ڕێژیمی ئێران مانگی پووشپەڕی ساڵی ڕابردوو ڕایگەیاندبوو، سەرەڕای لەنێوچوونی ١.٥ ملیۆن پیشە لە وەرزی بەهاری ساڵی ٩٨ هەتا وێکچووی وەرزی بەهاری ساڵی ٩٩، نرخی بێکاری ١.١ لەسەد دابەزیوە و گەیشتووەتە ٩.٨ لەسەد.

بەڵام ناوەندی لێکۆڵینەوەکانی مەجلیس ساڵی ڕابردوو ئەو ئامارەی ڕەت کردبووەوە و وتبووی، نرخی بێکاریی ٩.٨ لەسەدیی وەرزی بەهاری ساڵی ٩٩ کە ناوەندی ئامار ڕایگەیاندبوو ڕاست نییە و نرخی بێکاریی ڕاستەقینە ٢٤ لەسەد بووە و ٢.٥ بەرابەری ئەو ئامارەیە کە ڕێژیم ڕایگەیاندووە.