کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی ئاماری ڕێژیمی ئێران نرخی هەڵاوسانی ٣٢.٢ لەسەد ڕاگەیاند

13:08 - 2 بانەمەڕ 2720

ناوەندی ئاماری ڕێژیمی ئێران نرخی هەڵاوسانی لە مانگی خاکەلێوەدا ٣٢.٢ لەسەد ڕاگەیاندووە، لە حاڵێکدا لە مانگی ڕابردوودا بانکی ناوەندیی ڕێژیمی ئێران نرخی هەڵاوسانی ٤١.٢ لەسەد ڕاگەیاندبوو.

ناوەندی ئاماری ڕێژیمی ئێران لە دوایین ئاماری خۆیدا نرخی هەڵاوسانی ١٢ مانگەی ڕابردوو تا مانگی خاکەلێوەی ساڵی ٩٩ی ٣٢.٢ لەسەد ڕاگەیاندووە، لە حاڵێکدا ئامارە پێشووەکانی ئەو ناوەندە دەری دەخات کە نرخی ڕاستەقینەی هەڵاوسان زیاتر لەوەیە.

ناوەندی ئامار پێشتر نرخی هەڵاوسانی ١٢ مانگی ڕابردوو تا مانگی ڕەشەمەی ساڵی ٩٨ی ٣٤.٨ لەسەد ڕاگەیاندبوو، لەحاڵێکدا کە بەپێی لێکدانەوەی بانکی ناوەندیی ڕێژیمی ئێران نرخی هەڵاوسانی مانگی ڕەشەمەی ساڵی ٩٨ی ٤١.٢ لەسەد ڕاگەیاندبوو.

بەرپرسانی خودی ڕێژیمی ئێرانیش هەنووکە لە جیاوازیی بەرچاوی نرخی هەڵاوسانی ڕاگەیەندراو لەلایەن بانکی ناوەندی و ناوەندی ئامار تێڕاماون.

ئامارەکانی ناوەندی ئاماری ڕێژیمی ئێران بەردەوام جێگەی شک و گومان بووە و لەگەڵ ئامارەکانی ناوەندەکانی دیکە جیاوازیی هەبووە کە ئەمە دەریدەخات ڕێژیمی ئێران قەیرانە ئابوورییەکانی لە پشت ئامارگەلێکی درۆیینەوە دەشارێتەوە.