کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی توێژینەوەی مەجلیس ڕایگەیاندووە دەوڵەت ساڵی داهاتوو ٣٢٠ میلیارد تمەن کەمیی بودجەی دەبێت

12:54 - 23 سەرماوەز 2720

ناوەندی توێژینەوەی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران پێشبینیی ئەوەی کردووە کە لە بودجەی ساڵی داهاتوو دەوڵەت لەگەڵ ٣٢٠ هەزار میلیارد تمەن کەمیی بودجە بەرەڕوو دەبێت و داوای لە مەجلیس کردووە کە لایحەی بودجەی ساڵی ١٤٠٠ ڕەت بکەنەوە.

لە ڕاپۆرتی ئەم ناوەندە کە ڕۆژی شەممە ٢٢ی سەرماوەز بڵاو بووەتەوە، بودجەی ١٤٠٠ کێشەی سەرەکیی هەیە، لە لایحەی بودجەی ساڵی داهاتوو ٦٠ لەسەدی تێچووەکانی ئێستا هەڵکشاوە. هەروەها بەستراوەیی ئەم بودجەیە بە نەوت ٣٠ لەسەد بەرز بووەتەوە.

لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتی ئەم ناوەندەی ڕێژیم جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە لایحەی بودجە پشتی بە سەرچاوەی ناڕاست بەستووە و ئەمە دەتوانێت هەڵاوسانی توندی لە ساڵانی داهاتوو بە دواوە بێت.

لە پێوەندی لەگەڵ بەرزبوونەوەی ناڕزایەتییەکان لە بودجەی پێشنیارکراو، ''حەسەن ڕووحانی'' سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران، مەجلیسی بەوە تۆمەتبار کردووە کە لایحەی بودجەیان ئارشیو کردووە و شەپۆلی گەڵاڵەی جیاوازیان وەڕێ خستووە و ڕێگایان نەداوە کە کاری هاوبەش لەنێوان دەوڵەت و مەجلیس ئەنجام بدرێت.

زۆرێک لە کارناسانی ئابووری لایحەی بودجەی ١٤٠٠ بە کارەساتی ئابووری وەسف کردووە.