کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی توێژینەوەی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران هۆشداریی داوە کە ناڕەزایەتییەکان بەنیسبەت قەیرانی بێ ئاوی پەرە بستێنێت

11:23 - 1 رەزبەر 2721

ناوەندی توێژینەوەی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران بەنیسبەت قەیرانی بێ ئاوی لە ٢٨٢ شار هۆشداریی داوە کە ناڕەزایەتییەکان بەنیسبەت ئەو قەیرانە پەرە بستێنێت.

ئەو ناوەندەی مەجلیسی ڕێژیم باسی لەوە کردووە کە قەیرانی بێ ئاوی لە شار و گوندەکانی ئێران لە حاڵی پەرەگرتندایە و لە هاوینی ئەمساڵدا ئەو قەیرانە لە زۆربەی شوێنەکانی ئێران سەری هەڵدا کە لە هێندێک لە شارەکان خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی لێکەوتەوە.

ئەو ناوەندە ڕایگەیاندووە کە لە هاوینی ئەمساڵدا ٢٨٢ شار تووشی قەیرانی بێ ئاوی بوونە و لە ساڵی ئاویی ئەمساڵدا ١٠٤ شار تووشی ئەو قەیرانە دەبن کە لەو نێوانەدا نزیکەی ٣٨ لەسەد لە شارەکان دۆخی سووری بێ ئاوی ئەزموون دەکەن.

 بێ ئاوی و گەڵاڵەی ڕاگواستنی ئاو لە هێندێک لە پارێزگاکانەوە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو دەیان جار ناڕەزایەتیی خەڵکی لێکەوتووەتەوە و تەنانەت خەڵک لەگەڵ هێزەکانی ڕێژیم تووشی تێکهەڵچوون بوونە.

ناوەندی توێژینەوەی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران لە ڕاپۆرتی خویدا لەبارەی خۆپیشاندانەکانی ئەمساڵ لە ئەحواز خۆی بواردووە، خۆپیشاندانێک کە لە شارەکانی ئەحواز سەری هەڵدا و دواتر شارەکانی دیکەی ئێرانی گرتەوە کە لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە بە توندترین شێوە سەرکوت کران و چەندین کەسیش کوژران و سەدان کەسیش دەسبەسەر کران.