کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکرات سپاسنامەیەکی بڵاو کردەوە

12:20 - 24 خاکەلێوه 2721

ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕوو لە حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان، کەسایەتییەکان، ئۆرگانەکانی حیزب، دۆستان و نزیکانی حیزبی دێموکرات کە لە دوای شەهیدبوونی کاک "لوقمان مێهفەر" لەگەڵ حیزبی دێموکرات هاوخەمییان دەربڕیبوو، سپاسنامەیەکی  بڵاو کردەوە.

دەقی سپاسنامەکە بەم چەشنەیە:

سپاسنامە و پێزانین

بە دوای شەهیدبوونی هاوڕێ کاک "لوقمان مێهفەر" ئەندامی ناوەندی سیاسی، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا

کۆمەڵێک لە حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان، کەسایەتییەکان، ئۆرگانەکانی حیزب، دۆستان و نزیکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، چ بە ئامادەبوون لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی شەهید "لوقمان مێهفەر"، چ بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیاندن یان ناردنی پەیام و نامە یان لە ڕێگای پێوەندیی تەلەفۆنییەوە لە نێوخۆی وڵات، لە دەرەوەی وڵات و لە باشووری کوردستان، هاوخەمیی خۆیان لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بنەماڵەی شەهید "لوقمان مێهفەر" دەربڕیوە. لەو پێوەندییەدا ناوەندی سیاسی بە ئەرکی خۆی دەزانێت سپاس و پێزانینی خۆی لەو شەپۆلە لە هاوخەمی بۆ هەر تاکێک و هەرلایەنێک دووپات بکاتەوە و هیوادارین هەموو لایەک  لە هەر ناخۆشییەک و خەمی لەم بابەتە بەدوور بن.

"ڕۆحی شەهید لوقمان مێهفەر شاد بێت".

لەگەل ڕێز و سپاسی دووبارەمان.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی سیاسی

٢٤ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی

١٣ی ئاوریلی ٢٠٢١ی زایینی