کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکرات پێشوازیی لە بنەماڵەی شەهید "لوقمان مێهفەر" کرد

18:12 - 23 خاکەلێوه 2721

ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ ڕێزگرتن لە بنەماڵەی شەهیدی نوێی حیزب پێشوازیی لە بنەماڵەکەی کرد.

لە ڕێکەوتی ٢٣ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی بە ئامادەبوونی "حەسەن شەرەفی" بەرپرسی ناوەندی سیاسی و ئەندامانی ناوەند، پێشوازییان لە بنەماڵەی شەهید "لوقمان مێهفەر" کرد.

لەو سەردانەدا "حەسەن شەرەفی" وێڕای بەخێرهێنانی بنەماڵەی شەهید لوقمان جەختی لەوە کردەوە کە ئەو کۆستە بۆ ئێمە لە ناوەندی سیاسی کە هاوکاری کاک لوقمان بووین زۆر ئەستەمترە، هەر بۆیە بە درێژەپێدانی ڕێگا و ڕێبازی شەهیدان، شێلگیرتر لە جاران درێژە بە خەبات دەدەین.

بنەماڵەی شەهید لوقمان، وێڕای سپاسی ناوەندی سیاسی ڕایانگەیاند کە پەیامی شەهید لوقمان، پەیامی ئێمەیە، ئەمڕۆ لە شوێنی کاری شەهید لوقمان پەیمان نوێ دەکەینەوە کە بەردەوام بین لەو خەبات و تێکۆشانە.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی شەممە ٢١ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی، کاک "لوقمان مێهفەر" ئەندامی هەیئەتی ئیجرایی ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پاش مانگێک بەربەرەکانێ لەگەڵ نەخۆشیی کۆرۆنا بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە سەنگەری خەبات کرد و تێکەڵ بە کاروانی هەرگیز نەمری شەهیدان بوو و درێژەی خەباتی بە هاوسەنگەرانی ئەسپارد.