کوردستان میدیا: ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە بۆنەی بەڕێوەچوونی سەرکەوتووانەی هەڵبژاردنەکانی پارلەمانی کوردستان، پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاو کردەوە و هیوای بەرەوپێشچوونی سەرکەوتووانەی دەسەڵاتی سیاسیی هەرێمی کوردستانی خواست.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
پەیام بە بۆنەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پارلەمانی هەرێمی باشووری کوردستان
ڕۆژی یەکشەممە ٣٠ی سێپتامبری ٢٠١٨ی زایینی (٨ی ڕەزبەری ١٣٩٧ی هەتاوی)، هەڵبژاردنی پارلەمانی هەرێمی باشووری کوردستان، بە چاوەدێریی کۆمەڵێک چاوەدێری نێودەوڵەتی بەڕێوە چوو.
پرۆسەی هەڵبژاردنەکە بێجگە لە هێندێک کەموکورتی و سکاڵای حیزبەکان، لە سەریەک لەسەر بنەمای یاسای هەڵبژاردن و ڕێوشوێنەکانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن بە ئەنجام گەیشت، بۆیە بەگشتی بە هەڵبژاردنێکی دێموکراتیک ئەژمێردرێ، کە ئەوە لە جێی خۆیدا بلووغی سیاسیی خەڵک و حیزبە سیاسییەکانی هەرێمی باشوور دەسەلمێنێت.
بەو بۆنەوە لە لایەن ڕێبەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پیرۆزبایی ئەو سەرکەوتنە لە خەڵکی کوردستان و حیزبەکانی بەشدار لە هەڵبژاردن دەکەین و هیوادارین کە پارلەمانی داهاتوو دەورێکی لێبڕاوانە لە پێناو پەرەپێدان بە دێموکراسی و بەرەوپێشچوونی دەسەڵاتی سیاسیی هەرێمی کوردستان بگێڕێت.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
ناوەندی سیاسی
١٢ی ڕەزبەری ١٣٩٧ی هەتاوی
٤ی ئۆکتۆبری ٢٠١٨ی زایینی