کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی نووسەرانی کوردستان لە پێوەندی بە ڕووداوەکانی ئەفغانستان ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە

18:03 - 23 گەلاوێژ 2721

ناوەندی نووسەرانی کوردستان، لە ڕاگەیاندراوێکدا، بەنیسبەت دۆخی وڵاتی ئەفغانستان و کۆنترۆڵکردنی بەشێکی زۆر لە خاکی ئەو وڵاتە، لەلایەن گرووپی تاڵەبانەوە، نیگەرانییی خۆی دەربڕی.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:

خەڵکی ئازادیخوازی ئەفغانستان!

ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ!

نووسەران، چالاکانی ئەدەبی، فەرهەنگی و هونەریی کوردستان!

هەواڵەکان لە ئەفغانستانەوە باس لە شەڕ و ئاوارەبوونی هەزاران کەس، ماڵوێرانی و دووپاتبوونەوەی کارەساتی ڕەشەکوژی، توندڕەوی و ڕووخانی ئەزموونی دێموکراسیخوازیی خەڵکی ئەفغانستان دەکەن.

ئەزموونێک کە سەرەڕای بشێویی سیاسی و بەربەرەکانێ لەگەڵ دەسەڵاتی سوونەتیدا، توانی فەزایەکی کراوە بۆ پێشکەوتنی سیاسی، کولتووری و کۆمەڵایەتی فەراهەم بکات هەتا نەتەوە، مەزهەب و توێژە جیاوازەکانی ئەفغانستان پێکەوەژیانێکی هێمنانە دەستەبەر بکەن.

 بەڵام پاش چەند دەیە شەڕ و نائارامیی سیاسی لەو وڵاتەدا، قەڵەمبازیی ستراتژیکی دەوڵەتانی زلهێز و ناوچەکە، جارێکی دیکە تاڵبانی لە شاخەکانەوە وەک هەرەسێ دا بەسەر شار و شارۆچکەکاندا و لە ماوەیەکی کەمدا توانیان بەشێکی زۆری ویلایەتە گەورەکانی ئەفغانستان بخەنە ژێر دەسەڵاتی خۆیانەوە.

ئەزموونی سێ دەیە شەڕ لە ئەفغانستان و دەسەڵاتی ڕەشی تاڵبان دەریخستووە کە، ئەو هێزە یەکێک لە خراپترین و دواکەتووترین حوکمڕانییەکانی ئەم سەردەمەیە و، دوژمنی دێموکراسی، پێشکەوتنی کولتووری و کۆمەڵایەتی بوون و هەن.

لەم پێوەندییەدا ناوەندی نووسەرانی کوردستان، نیگەرانیی خۆی بۆ بارودۆخی خەڵکی ئازادیخوازی ئەفغانستان دەردەبڕێ و پێی وایە کە بە دامەزرانی حکومەتی ئیسلامی لەلایەن تاڵبانەوە، گیانی نووسەران و ئازادیخوازانی ئەو وڵاتە لە مەترسیدایە و بێدەنگی کۆمەڵگای جیهانی لەم کارەساتە مرۆییە، داڕمانی ئەخلاقی گشتیی جیهانی و بەها دێموکراتیکەکانە.

هاوکات ناوەندی نووسەران داوا لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکات کە بە هانای خەڵکی لێقەوماوە بڕۆن و هەوڵەکانیان لەپێناو بەرقەراریی ئاشتی و دێموکراسی لەو وڵاتەدا بخەنە گەڕ.

ناوەندی نووسەرانی کوردستان

١٣ی ئاگۆستی ٢٠٢١