ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران سەبارەت بە مەحکوومبوونی تێرۆریست "حەمید نووری" لە دادگای سوید ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.
دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:
ڕاگەیاندنی ناوەندی هاوکاریی سەبارەت بە مەحکوومبوونی تێرۆریست "حەمید نووری"
ڕۆژی پێنجشەممە ٢٣ـی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، پاش ٩ مانگ دادگایی و لێكۆڵینەوە، دادوەری دادگای ستۆكهۆڵم "حەمیدی نووری" یەكێک لە تێرۆریستانی ڕێژیمی كۆماری ئیسلامیی ئێرانی بە تاوانی شەڕ و كوشتنی بەئەنقەست لە ڕەوتی ئێعدامەكانی هاوینی ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی بە زیندانی هەتاهەتایی مەحكووم کرد.
یەكەمین دانیشتنی دادگای "حەمید نووری" ناسراو بە "حەمید عەباسی" یاریدەدەری پێشووی قازی زیندانی گەوهەردەشت ڕۆژی ١٠ی ئاگۆستی ٢٠٢١ دەستی پێكرد و ڕۆژی ٤ی مانگی مەی ٢٠٢٢ كۆتایی پێهات.
دادگا لە ٩٣ دانیشتندا گوێی لە وتەی سكاڵاكاران و كەسی تاوانبار گرت.
ئەمە بۆ یەكەم جارە كە پاش زیاتر لە سێ دەیە لە كوشتاری بە كۆمەڵی زیندانیانی سیاسی لە هاوینی ساڵی ١٣٦٧ لە زیندانەكانی ئێران یەكێک لە تۆمەتبارانی ئەم دۆسیە دادگایی و مەحكووم دەكرێت.
ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران پیرۆزبایی ئەم سەركەوتنە لە هەموو كەسوكاری قوربانیانی هاوینی ٦٧ـی هەتاوی دەكات و بڕوای وایە كە مەحكوومبوونی حەمیدی نووری لە دەرەوەی ئێران، ڕیسوایی و مەحكوومبوونی ڕێژیمی كۆماری ئیسلامیی ئێرانە.
ڕێژیمی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی تەمەنی نگریسی خۆی دژی ئازادیخوازانی ئێران بە گرتنەبەری سیاسەتی سەركوت و تێرۆر، گیانی هەزاران مرۆڤی ئازادیخوازی ئەستاندووە. لە كوردستانیش كە هەر لە یەكەم ڕۆژەكانەوە كرایە ئامانجی دڕندانەترین شێوازی ئەم سیاسەتەی ڕێژیم، بە هەزاران كەس بە تاوانی ئازادیخوازیی لە نادادگاكانی ڕێژیم بە مەرگ مەحكووم كران. هەر بۆیە مەحكومبوونی حەمید نووری مایەی دڵخۆشی خەڵكی ستەملێكراوی كوردستان و ئێرانە.
دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی كۆماری ئیسلامی ئێران ئەو پەیامەیان وەرگرت كە تێرۆریزمی كۆماری ئیسلامی ناتوانێت لە دەستی دادپەروەریی دەرباز بێت و درەنگ یان زوو هەموو بكوژان و تۆمەتبارانی تاوانی دژە مرۆڤایەتی لە دادگاكاندا بە سزای تاوانەكانیان دەگەن.
ناوەندی هاوكاری حیزبەكانی كوردستانی ئێران
٢٤ی پووشپەڕی ١٤٠١ هەتاوی
١٥ی جوولای ٢٠٢٢ زایینی