کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی هاوکاری: بە هانای خەڵکی بوومەلەرزەلێدراوی "خۆیـ"ـەوە بچن

17:58 - 5 رەشەمه 2719

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا داوای لە خەڵکی کوردستان کرد کە بە هانای خەڵکی بوومەلەرزەلێدراوی "کوتۆلـ"ـەوە بچن.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:

ڕاگەیەندراوی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەنیسبەت بومەلەرزەی ناوچەی "کوتۆل" (قوتوور) و گوندەکانی دەوروبەری

خەڵکی بەشەرەفی کوردستان!

هاونیشتمانییانی مافخوراوی دەڤەری کوتۆل!

هەروەک ئاگادارن ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٤ی ڕەشەمەی ١٣٩٨ی هەتاوی، بەرانبەر لەگەڵ ٢٣ی فێڤرییەی ٢٠٢٠ زایینی، ٢ بومەلەرزە بە گوڕی ٥.٩ پلەی ڕیشتەر، کە یەکەمیان لە کاتژمێر نۆ و پەنجا و سێ خولەکی سەرلەبەیانی و دووهەمیان حەوت و نیوی ئێوارە، شاری کۆتۆلی سەر بە پارێزگای ورمێی هەژاند و بەداخەوە سەرەڕای خەساری زۆری ماڵی، هاونیشتمانییەکی زۆر لەو ناوچەیە بریندار بوون.

ئەو بومەلەرزەیە هاوکات لەگەڵ زیانەکانی لەو ناوچەیە کە ٣٢ گوند و ٤ هەزار بنەماڵە لەخۆ دەگرێت، ناوچەی "باشکالانـ"ـی سەر بە پارێزگای "وانـ"ـی کوردستانی باکووری هەژاندووە و بەداخەوە سەرەڕای خەساری زۆری ماڵی، ٩ کەس گیانیان لەدەست داوە و نزیک بە ٨٥ کەسی دیکە بریندار بوون.

ئەوەی کە جێگەی داخ و دڵگرانییە ئەوەیە کە ئەو کارەساتە مرۆییە لە سەرمای زستان و لە بەفر و تەڕ و تووشیدا لەو ناوچەیەی داوە و زۆرێک لە خانوو و ئاوەدانییەکانی ئەو دەڤەرەی داڕماندووە و هاوکات ڕێژەیەکی زۆر مەڕ و ماڵاتی خەڵکی ناوچەکە لەنێوچوونە و دەڤەرەکە پێویستی بە فریاکەوتن و بەهاناچوونی بەپەلە هەیە.

ئێستا دوای تێپەڕبوونی ٢٤ کاتژمێر بەسەر بومەلەرزەی یەکەم لە ناوچەی کوتۆل، خەڵکەکە پێویستیی بە خێوەت و کەلوپەلی گەرمکەرەوە و خواردن هەیە، بەڵام هیچ هاوکاری و فریاکەوتنێک لەلایەن دامودەزگاکانی ڕێژیمەوە نەگەیشتووەتە دەستی خەڵکەکە و ژیان و گوزەرانیان ئەستەمتریش بووە.

دیارە ئەوە بەهاناوەنەچوون و کەمترخەمییە لە کۆماری ئیسلامیی ستەمکار چاوەڕوانکراوە، چوونکە مێژووی دوور و نزیک لە چەند ساڵی ڕابردوودا سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە لە دوای بومەلەرزە وێرانکەرەکانی سەرماوەزی ١٣٩٧ی هەتاوی لە ناوچەی سەرپێڵ‌زەهاو لە کرماشان کە تێیدا نزیک بە ٨٠٠ کەس گیانیان لەدەست دا و هەروەها بومەلەرزەی شاری "بەم" لە بەفرانباری ١٣٨٢ی هەتاوی کە تێیدا زیاتر لە ٥٠٠٠ کەس گیانیان لەدەست دا، ڕێژیمی ئیسلامی لەبەر پشتیوانی و هاوکاریی هەمەلایەنەی حیزبوڵڵاکان و گرووپە توندئاژۆکانی وڵاتانی ناوچە، نەتەنیا بەهانای خەڵکی خۆیەوە نەچووە، تەنانەت دەستی بەسەر هاوکاریی خەڵکی شار و ناوچەکانی دیکەی کوردستاندا گرت و خزێندرانە گیرفان بەرپرسانی ئەو سیستەمە گەندەڵە لە سەرەوە بۆ خوارەوە.

ئێمە وەکوو ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، بەداخبوونی خۆمان لەو کارەساتە سروشتییەی ناوچەی کوتۆل و کوردستانی باکوور ڕادەگەیەنین و هیوای چاکبوونەوە بۆ بریندارەکانی ئەو کارەساتە دەخوازین و داوامان وایە کە خەڵکی ناوچەکانی دیکەی کوردستان، کوتۆل و دەوروبەری لە هاوکاری و بەهاناوەچوونیان بێبەش نەکەن.

ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران

٥ی ڕەشەمەی ١٣٩٨ی هەتاوی