لە دوای هەواڵی شەهیدکرانی سێ ژینگەپارێز لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی پاوە، ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.
دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:
هاونیشتمانییانی بەڕێز!
کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕێکخراوە ژینگەپارێزییەکانی کوردستان!
هەواڵی شەهیدبوونی سێ ڕۆڵەی گەلەکەمان کە ڕۆژی یەکشەممە ٨ی پووشپەڕ لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی "بۆزین" و "مەرەخێڵ" گیانی پاکیان پێشکەشی نیشتمان کرد، خەفەتباری کردین. بەو بۆنە خەمناکەوە سەرەخۆشی لە هەموو لایەک، بەتایبەتی بنەماڵە کۆستکەوتووەکانیان، هاوڕێباز و هاوئامانجەکانیان لە ڕێکخراوە ژینگەپارێزییەکانی کوردستان و بەتایبەتیتر لە ئەنجومەنی ژیوای پاوە دەکەین.
ئێستا ئیتر هەمووان دەزانن کە ڕێژیمی ئیسلامی لە ڕێگای ناوەندە ئەمنییەتی و کەسانی خۆجێیی سەر بە خۆیان بە پلان و پیلانی وردەوە خەریکی تێکدان و لەنێوبردنی ژینگەی کوردستان و سووتاندنی بەئەنقەستی دارستانەکانی کوردستانن. هەر لەم ساڵانەی دواییدا بە هەزاران هیکتار لە دارستانەکانی کوردستان لە ماکۆوە بگرە هەتا ئیلام، لە ئاگری ڕقی ڕێژیمی تاراندا سووتاون و لەوەش زیاتر ڕۆژ نییە سپای پاسداران و ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستان چالاکانی ژینگەپارێز بە تۆمەتی چالاکیی ئەمنییەتی، دەسبەسەر و ڕاپێچی گرتووخانەکانیان نەکەن.
لێکەوتەی دڵتەزێن و لەوەش کارەساتبارتر شەهیدکردنی دڵسۆزانی نیشتمان و ژینگەپارێزانی کوردستانە کە پێشمەرگەئاسا و بە دەستی بەتاڵ و بێ هیچ ئیمکاناتێک بۆ پاراستنی نیشتمان و پارێزگاری لەو ژینگەیە تێدەکۆشن.
خەرمانانی دوو ساڵ لەوەپێش بوو کە چوار تێکۆشەری ژینگەپارێز بە ناوەکانی "شەریف باجوەر، ئومید حوسێنزادە، ڕەحمەت حەکیمی نیا و محەممەد پەژووهی"، لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی مەریواندا سووتان و شەهید بوون.
ئەمجارەشیان لە دارستانەکانی "بۆزین" و "مەرەخێڵ"، سێ ژینگەپارێز و خەمخۆری نیشتمان بە ناوەکانی "موختار خەندانی، یاسین کەریمی و بیلال ئەمینی" لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگردا گیانی ئازیزیان لەدەست دا.
ناوەندی هاوکاری پێشتریش لە کاری شەهیدبوونی ژینگەپارێزەکانی مەریواندا ڕایگەیاندبوو کە کاربەدەستانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە بەرپرسیاری ئەم ڕووداوانە دەزانێت، چونکی بەڵگەنەویستە بەهۆی کەمتەرخەمی و زۆرجاریش بە هەوڵی بەئەنقەست و بە پیلانی پێشوەختەی ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیمە ژینگە و دارستانەکانی کوردستان دەسووتێن و دەبنە خەڵووز. ئەو ئاگرەش کە ئەمجارە و دیسانەکەش بووە هۆی مەرگی جەرگبڕی سێ ڕۆڵەی ژین و ژینگەخۆشەویستی کوردستان، ئاگری قین و بوغزێکە پتر لە چوار دەیەیە بەر بووەتە گیانی سروشتی کوردستان و دەستی تاوانێکی لە پشتە کە بەردەوام ڕۆڵەکانی کورد دەکاتە قوربانی.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران وێڕای سەرەخۆشی لە هاوڕێباز و بنەماڵەی ئازیزانی لەدەستچوومان، ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران و دەستوپێوەندییەکانیان بە تاوانباری و بەرپرسیاری سەرەکیی ئەو ڕووداوانە دەزانێت.
سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی ئەنجومەنی ژینگەپارێزی ژیوای پاوە، "موختار خەندانی، یاسین کەریمی و بیلال ئەمینی" و بەهیوای چاکبوونەوەی هەرچی زووتری بریندارانی دیکەی ئەم ڕووداوە.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
٩ی پووشپەڕی ١٣٩٩