کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی هاوکاری بەبۆنەی ١ی مەی ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە

11:45 - 11 بانەمەڕ 2721

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ١ی مەی ڕۆژی جیهانیی کرێکار ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:

ڕاگەیاندنی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ١ی مەی ڕۆژی جیهانیی کرێکار.

خەڵکی تێکۆشەری ئێران!

جەماوەری شۆڕشگێری کوردستان!

کرێکاران و زەحمەتکێشانی ستەملێکراو!

هەر بەو جۆرەی کە ئاگادارن ١ی مەی ڕۆژی جیهانیی کرێکار لە هەموو وڵاتانی جیهان بە ڕێکخستنی میتینگ و ڕێپێوانی گەورە بە مەبەستی هاوپشتی لەگەڵ چینی کرێکار و زەحمەتکێشی سەرانسەری جیهان جێژن دەگیرێت و یاد دەکرێتەوە.

ئەمساڵیش وەک ساڵی ڕابردوو لە بارودۆخێکدا ١ی مانگی مەی ڕۆژی جیهانیی کرێکار پیرۆز دەکرێت کە پەتای عالەمگیری کۆرۆنا جیهانی تەنیوە و بە داخرانی کارخانە و کارگە و شوێنی کارەکان زیاتر لە هەموو چینێک چینی کرێکار و زەحمەتکێش و هەژاری کۆمەڵگان کە کەوتووەتە تەنگانەوە و لەژێر فشاری تاقەتپڕووکێنی مانەوە لەژێر سێبەری مەترسیداری کۆرۆنا ناچارن لە شوێنەکانی کار ئامادە بن.

دیارە لە کەس شاراوە نییە کە لە وڵاتانی پێشکەوتوو تا ڕادەیەکی زۆر زەرەر و زیانەکانی کە بەر کرێکاران و چین و توێژە جیاجیاکانی کۆمەڵگا کەوتوون قەرەبوو کراوەتەوە بەڵام بەو حاڵەشەوە گوشارێکی بەرچاو کەوتووەتە سەر ژیانی بەشەر و لە ڕاستیدا هاتنی ئەم پەتایە (کۆوید ١٩) نەک تەنیا زەرەری گیانیی زیاتری لە بەشی فەقیر و دەستکورتی کۆمەڵگای جیهانی داوە بەڵکوو بووەتە هۆی ئەوەی کە تا دێت فشاری ماڵیی زیاتریش هەر بکەوێتە سەر ئەم تەبەقە زوڵم لێکراوەی جیهان.

ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لەم پەتایە و لەم بارودۆخە جیهانییە بێبەش نەبووە و تەنانەت دەتوانین بە دڵنیاییەوە بڵێین کە دۆخی ئێران لە زۆربەی هەرەزۆری وڵاتانی جیهان خراپترە. دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتای هاتنی ئەم پەتایە بە ناکارەمەیی لەڕادەبەدەری خۆیان و بە لەبەرچاو نەگرتنی نیگەرانییە جیهانییەکان و لە کاتێکدا هەموو دنیا دەرگاکانی خۆی لەسەر وڵاتی چین داخست، درێژەی بە هاتوچۆکانی شیرکەتی "ماهان ئەیر" دا و بووە هۆکاری سەرەکیی هاتن و پەرەسەندنی ئەو ویرووسە لە ئێران. دواتریش بە درۆ و دەلەسە کە کردەوەی هەمیشەییەتی ئاماری تووشبووان و گیانلەدەستداوانی شاردەوە و تا ئێستاش ئەم سیاسەتە هەر بەردەوامە. لە لایەکی ترەوە  زۆربەی وڵاتانی دنیا بە کوتانی واکسەن بە شێوەیەکی بەربڵاو خەریکی واکسینەکردنی خەڵکی خۆیانن بەڵام ڕێبەری کۆماری ئیسلامی لەبەر ڕاگرتنی ڕواڵەتی دژە ئامریکایی خۆی بڕیاری نابەرپرسانەی قەدەغەی هاوردەکردنی واکسەنی ئامریکایی و ئینگلیسیی دەر کردووە کە لە ڕاستیدا ئەمە دەکرێت وەک نەسڵکوژی چاوی لێ بکرێی و جەنایەت بە دژی خەڵکی ئێران دێتە ئەژمار.

ئەم گوشارانەی ئەو دواییانە تەنیا یەکێک لە هۆکارەکانی بارودۆخی خراپی ئێستای کرێکاران، زەحمەتکێشان، فەقیر و هەژار و بەگشتی خەڵکی ئێرانە.

کرێکاران و زەحمەتکێشان لە سەرەتاییترین مافی خۆیان کە خۆ ڕێکخستن لە ڕێکخراوە سێنفییەکان بێت بێبەشن. لەگەڵ هەڵسووڕاوانی کرێکاری بە توندترین شێوازی مومکین هەڵسوکەوت دەکرێت و بە تاوانی جۆراوجۆر دەسبەسەریان دەکەن و سزای شەلاقیان بۆ دەبڕنەوە.

گەندەڵیی لەڕادەبەدەری بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی، سیاسەتی هەڵە و نابەجێی ئابووری و لە هەموو گرینگتر سیاسەتی نابەرپرسانەی دەرەکی چ لە ئاستی ناوچەیی و چ لە ئاستی جیهانی وای کردووە کە ڕادەی بێکاری، گرانی و هەڵاوسانی هەوسارپساو و بە گشتی داڕمانی ژێرخانی ئابووریی ئەم وڵاتە هیچ سنوورێک نەناسێت. ناوەندەکانی کار و بەرهەمهێنان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ دادەخرێن و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ خەڵکی زیاترن کە لە کارەکانیان بێکار دەکرێن و کۆماری ئیسلامیش کەمترین بەرپرسایەتییەک لە ئاست ژیان و بژێویی خەڵک وە ئەستۆ ناگرێت.

ئەم بارودۆخە نالەبارە کرێکاران و مامۆستایان و بازنشستەکان و بەگشتی هەموو چین و توێژەکانی کۆماری ئیسلامیی وەزاڵە هێناوە و هیچ ڕێگەیان جیا لە دەربڕینی ناڕەزایەتی بۆ نەماوەتەوە کە ئەویش لەلایەن بەرپرسانی کۆماری ئیسلامییەوە قەبووڵ ناکرێت و بە توندترین شێواز سەرکوت دەکرێت و هەموو دەرەتانێکیان لە خەڵک سەندووەتەوە.

پارێزگاکانی کوردستانی ئێران بەپێی ئامارە فەرمییەکانی دەزگاکانی کۆماری ئیسلامی لە خراپترین بارودۆخدان و بێکاری و هەڵاوسان لە بەرزترین ئاستی خۆیدایە. هەر لە سەرەتای هاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامی هیچ سەرمایەگوزارییەکی بنەڕەتی و پیشەیی لە کوردستان نەکراوە و بە تەواوی هەوڵ دراوە کە کوردستان نەبێتە بەشێکی پیشەیی و هەمیشە نیگەرانی ئەمنی زاڵ بووە بەسەر مەسڵەحەت و ژیان و بژێویی خەڵکی کوردستاندا. بارودۆخی نالەباری خەڵکی کوردستان و نەبوونی کارخانە و کارگەکان و بەگشتی نەبوونی کار بووەتە هۆکارێک کە خەڵکی هەژار و بێدەرەتان بۆ دابینکردنی نانی ڕۆژانەی بنەماڵەیان ڕوو بکەنە کارە تاقەتپڕووکێنەکان، کە لەوانە دەکرێت ئاماژە بە کۆڵبەری بکرێت و سەرەڕای ئەوەش ڕۆژ نییە کە هەواڵی گیانلەدەستدانی کۆڵبەر یان چەند کۆڵبەرێک بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنی و نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامی نەبیستینەوە.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران وێڕای پشتیوانی لە کرێکاران، زەحمەتکێشان، مامۆستایان، بازنشستگان و ژنان و بەگشتی هەموو چین و توێژە بەشخوراوەکانی کوردستان و ئێران بۆ وەدەستهێنانی سەرەتاییترین مافەکانی خۆیان، جەخت لەسەر ئەم بابەتە دەکاتەوە کە مەسەلەی وەدیهاتنی مافی کرێکاران و زەحمەتکێشان و بەشخوراوانی کوردستان هاوتەریبە لەگەڵ مەسەلەی میللیی نەتەوەی کورد و هیچیان لە یەک جیا ناکرێتەوە. پێکهێنانی کیانێکی کوردی لە چوارچێوەی ئێرانێکی دێموکرات، سێکۆلار و فێدراڵدا کە ناوەندی هاوکاری خەباتی بۆ دەکات تێیدا مافی چین و توێژە جیاوازەکان و بە تایبەت کرێکاران پارێزراو بێت و ئەولەوییەتی حکوومەتێکی کوردی دەبێت.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

١ی مەی ٢٠٢١

١١ی بانەمەڕی ١٤٠٠