کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی هاوکاری بەنیسبەت دەنگۆی وتووێژ لەگەڵ ئێران ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە

14:12 - 23 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەنیبسەت دەنگۆی وتووێژ لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕاگەیەندراوێکی بۆ بیروڕای گشتی بڵاو کردەوه.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:

بۆ ئاگاداریی بیروڕای گشتیی و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان ڕادەگەیەنین:

١ـ حیزبەکانی پێکهێنەری ناوەندی هاوکاریی، هەموو کات بڕوایان بە چارەسەریی مەسەلەی کورد لە کوردستانی ئێران بە ڕێگای ئاشتیخوازانە و دادپەروەرانە و دیالۆگ هەبووە و هەیە. بەڵام بەداخەوە لە لایەک کۆماری ئیسلامیی ئێران بڕوای بە چارەسەریی سیاسیی مەسەلەی کورد نەبووە و لە لایەکی دیکەوە ئەزموونی  وتووێژەکانی ڕابردووش زیاتر کەش و هەوای بێمتمانەیی دروست کردووە.

٢ـ لەپێناو چارەسەرکردنی ئاشتییانەی پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا هەندێک ناوەند و لایەنی سەربەخۆی نێونەتەوەیی لەگەڵ ناوەندی هاوکاری لە پێوەندیدان. مەبەست لەو پێوەندییانە یارمەتیدان بۆ دیتنەوەی ڕێگاچارەیەکی سیاسیی ئاشتییانە بۆ مەسەلەی کوردە.

٣ـ هەر کات مەرجەکانی دانوستانێکی جیددی بۆ چارەسەریی پرسی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات وەدی بێت، بەدڵنیایی ناوەندی هاوکاری ڕای گشتی و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانی لێ ئاگادار دەکاتەوە.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

٢٣ی پووشپەڕی ١٣٩٨

١٤ی جوولای ٢٠١٩