کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی هاوکاری بەنیسبەت نەخۆشیی کۆرۆنا داواکارییەکی ئاراستەی خەڵکی کوردستان و ئێران کرد

11:21 - 10 رەشەمه 2719

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا داوای لە خەڵکی کوردستان و ئێران کرد بەهۆی ئەوەیکە ڕێژیمی ئێران وەک نەریتی هەمیشەیی خۆی هیچ بەهایەک بۆ مرۆڤ و ژیانی تاکەکان دانانێت خۆیان بە هەوڵی یەکتر خۆ لە نەخۆشیی کۆرۆنا بپارێزن.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:

ڕاگەیەندراوی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەنیسبەت بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی کۆرۆنا و دۆخی زیندانەکان لە ئێراندا

دوابەدوای سەرهەڵدانی نەخۆشیی کۆرۆنا و مەترسییەکانی بۆ سەر تەندروستیی تاک و کۆمەڵگاکان، یەکێک لەو بابەتانەی کە سەرنجی هەموو لایەکی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە، ئەوەیە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوچە و جیهاندا تاقە حکوومەتێک بووە کە بەبێ گوێدانە مەترسییەکانی ئەو نەخۆشییە بۆ سەر ژیانی خەڵک، ئامادە نەبوو سنووری ئاسمانیی خۆی بەسەر وڵاتی چین وەکوو سەرچاوەی سەرەکیی ئەو نەخۆشییە و فڕۆکەکانی ئەو وڵاتەدا دابخات. هەر ئەو سیاسەتە نابەرپرسیارانەیە بوو بەهۆی ئەوەی کە لە ماوەیەکی کورتدا ئێران لە دوای چین ببێتە دووەمین وڵات لە ڕووی تووشبوان و قوربانییانی کۆرۆناوە.

لە ئاکامی ئەو سیاسەتە دژەمرۆییەدا هەنووکە کۆمەڵگای ئێران لەگەڵ هەڕەشەی کارەساتێکی مرۆیی بەربڵاو بەرەوڕوو بووە و ژیانی ئاسایی خەڵک نەک هەر لە ئێران، بەڵکوو لە ناوچەکەشدا تێک چووە. بەڵام ئەوەی کە ئێستا وەکوو مەترسییەکی گەورەتر لە کۆرۆنا بووەتە مایەی نیگەرانیی خەڵک، کەمتەرخەمیی ڕێژیمی ئێران و نەگرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو کارەساتە لەلایەن دامودەزگا پێوەندیدارەکانی کۆماری ئیسلامییەوەیە.

لەم نێوانەدا بەپێی هەواڵێک کە لە نێوخۆی وڵاتەوە پێمان گەیشتووە، گرتووخانەکانی ئێران بە شێوەکەی تایبەت لەگەڵ دۆخێکی یەکجار خراپ و کارەساتبار بەرەوڕوون و زیندانییان، بەتایبەتی زیندانییانی سیاسی کە مێژوو سەلماندوویە ژیان و تەندروستییان بۆ کۆماری ئیسلامی هیچ بایەخێکی نییە، لەژێر هەڕەشەیەکی جیددی و کارەساتێکی گەورەدان و پێویستیان بە فریاکەوتن و بەدەنگەوەهاتنی خێرا و کوتوپڕە.

ئێمە وەکوو ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران داوا لە خەڵکی کوردستان و ئێران دەکەین، ئێستا کە ڕێژیم وەک باوەڕ و نەریتی هەمیشەیی خۆی هیچ بەهایەک بۆ مرۆڤ و ژیانی تاکەکان دانانێت و ئەرکی خۆی وەکوو حکوومەتێکی ئاسایی بەرپرسیار بەرانبەر بە هاوڵاتییانی بەڕێوە نابات، بە هەوڵی هەمەلایەنە و پاراستنی ڕێنماییەکانی خۆپاراستن، یارمەتیی یەکتر بدەن بۆ سەرکەوتن بەسەر ئەو مەترسییەدا. هەروەها داوا لە کۆڕ و کۆمەڵە داکۆکیکارەکانی مافی مرۆڤ دەکەین بە هانای زیندانییانی سیاسییەوە بێن و گوشار بخەنە سەر ڕێژیمی ئێران.

بە پێویستی دەزانین وەبیرتان بێنینەوە کە کاتێکی زۆر لە بەردەستدا نییە و هەرجۆرە دواخستن و کات کوشتنێک دەتوانێت لە سەعاتی سیفری کارەساتێکی مرۆیی نزیکترمان بکاتەوە.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

١٠ی ڕەشەمەی ١٣٩٨ی هەتاوی