کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی هاوکاری بەنیسبەت ڕەشبگیرییەکان لە کوردستان نامەیەکی بۆ هەموو ڕێکخراو و حیزبەکانی ئاڵمان نارد

11:12 - 13 رەشەمه 2720

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەنیسبەت ڕەشبگیرییەکان لە کوردستان نامەیەکیان بۆ هەموو ڕێکخراو و حیزبەکانی ئاڵمان نارد.

پاش هەڵکوتانی ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ سەر چالاکانی مەدەنی، ژینگەیی و سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، بە مەبەستی ئیدانەکردن و لەقاودانی ئەو هەوڵەی ناوەندە ئەمنییەکانی ڕێژیمی ئێران، نامەیەکی بە زمانی ئاڵمانی بۆ هەموو ناوەندەکانی مافی مرۆڤ لە وڵاتی ئاڵمان، هەموو حیزبە ئاڵمانییەکان، پارلمان و سەرۆک پارلمانی ئاڵمان نارد.

لەو نامەیەدا، وێڕای ناوی هەموو ئەو چالاکانە کە لەم دواییانەدا دەسبەسەر کراون و وێڕای مەحکوومکردن و لەقاودانی ئەو هەوڵەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ سەر کۆمەڵگای مەدەنی، ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان داوای لە هەموو حیزبەکانی ئاڵمان، ناوەندەکانی مافی مرۆڤ و پارلمانی ئاڵمان و سەرۆک پارلمان لە وڵاتی ئاڵمان کرد کە وێڕای مەحکوومکردنی میلیتاریزەکردنەوەی کۆمەڵگای مەدەنیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان داوای ئازادیی بێ قەید و شەرتی دەسبەسەرکراوان بکەن و گوشار بخەنە سەر ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران.

نامەکەی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بۆ: "وەزارەتی دەروەی وڵاتی ئاڵمان، سەرۆکی پارلمانی ئاڵمان و جێگرەکانی، کۆمیسیۆنی چاودێریی مافی مرۆڤ و هاوکارییە مرۆییەکانی پارلمان، حیزبی سوسیال مەسیحیی ئاڵمان و فڕاکسیۆنی ئەو حیزبە لە پارلمان، حیزبی سوسیال دێموکرات و فڕاکسیۆنی پارلمانی ئەو حیزبە، حیزبی سەوزی ئاڵمان و فڕاکسیۆنی ئەو حیزبە لە پارلمان، حیزبی چەپی ئاڵمان و فڕاکسیۆنی ئەو حیزبە لە پارلمان، حیزبی لیبراڵی ئاڵمان و فڕاکسیۆنی ئەو حیزبە لە پارلمان، چەندین پارلمانتاری دۆستی کورد لە هەموو حیزبەکانی بەشدار لە پارلمان، هەموو ئەو ئەنیستیتۆیانەی که چالاکن لە وڵاتی ئاڵمان، هاین ڕیش بۆل شتیفتونگ، فریدریش ئەبرت شتیفتونگ، کۆردناد ئادەناوە شتیفتونگ و فرێدریش ناومان شتیفتونگ" نێردراوە.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ـ کۆمیتەی ئاڵمان

کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران ـ کۆمیتەی ئاڵمان

کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران ـ کۆمیتەی ئاڵمان

حیزبی دێموکراتی کوردستان ـ کۆمیتەی ئاڵمان