کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی هاوکاری: تۆپبارانی ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ بەلاڕێدابردنی ناڕەزایەتییە گشتییەکانە لە ئێران

18:32 - 21 بانەمەڕ 2722

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردووەتەوە تۆپبارانی ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ بەلاڕێدابردنی ناڕەزایەتییە گشتییەکانە لە ئێراندا.

کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرەبەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، ٢١ی بانەمەڕ جارێکی دیکەش ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانی تۆپباران کردووەە. سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی لەو هێرشە نوێیەدا بە تۆپ و کاتیوشا و درۆن کوێستانەکانی بەربزین لە سیدەکان، گەڵاڵە و سمێڵان لە چۆمانی کردووەتە ئامانج.

کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک هەمیشە بە بێ ڕەچاوکردنی پرەنسیپە نێودەوڵەتییەکان و پاراستنی یاسا و ڕێوشوێنی دراوسێیەتی، بوونی بنکە و بارەگای حیزبە سیاسییەکانی دژبەری خۆی لەو ناوچانەی کردووەتە بیانوو بۆ هێرش و دەستدرێژییەکانی بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان.

هاوکات لە سۆنگەی هێرشەکانی پێشووی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە خەڵکی گوندنشین و هەوارچییەکانی ئەو ناوچانە زەرەر و زیانی ماڵیی زۆریان پێ گەیشتوە، سەرەڕای ئەوەش کە تۆپبارانەکان زیانی زۆریشان لە ژینگەی ناوچەکە داوە.

هێرشی نوێی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر خاکی وڵاتی دراوسێی لەحاڵێکدایە کە شەپۆلێکی نوێی ناڕەزایەتییەکان بە دۆخی ئابووری و گرانیی لەڕادەبەدەر لە زۆربەی شارەکانی ئێران وەڕێ کەوتووە و خۆپیشاندان و مانگرتنەکان لەو ماوەیەدا لە پەرەسەندندا بوونه.

 ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییش کە هەموو کاتێک سامانی گشتیی وڵاتی بۆ گێرەشوێنی و قەیران‌خوڵقێنی لە ناوچەدا و پەرەپێدان بە تێرۆریزمی دەوڵەتی تەرخان کردووە، ئەمجارەش هەر وەکوو سیاسەتی هەمیشەیی خۆی لە بڕی وەڵامدانەوە بە ویست و داخوازە ڕەواکانی کۆمەڵانی خەڵک، بۆ بەلاڕێدا بردنی سەرنجی گشتیی خەڵک لەسەر ناڕەزایەتییەکان دەستی بە تۆپبارانی ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان کردووە.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران دەستدرێژییە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی و سیاسەتی دەستێوەردانی ئەو ڕێژیمە لە کاروباری هەرێم و پێشێل‌کردنی یاسا و سەروەرییەکانی هەرێمی کوردستان و هاوکات نانەوەی کەشی ترس و تۆقاندن و دڵەڕاوکێ لەنێو دانیشتوانی ناوچە سنوورییەکاندا مەحکووم دەکات.

 لەگەڵ ئەوەشدا ناوەندی هاوکاری خوازیاری ئەوەیە کە حیزب و ڕێکخراوە سیاسی و مەدەنییەکانی کوردستان هەموو توانای خۆتان بۆ ریسواکردن و لەقاودانی سیاسەتی دەستدرێژی‌کەرانە و نامرۆڤانەی کۆماری ئیسلامی بەرامبەر بە دانیشتووانی ناوچە سنوورییەکان بخەنە گەڕ و لە ڕێگای جۆراجۆرەوە ئەم سیاسەتەی کۆماری ئیسلامی مەحکووم بکەن.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

٢١ی بانەمەڕی ١٤٠١ی هەتاوی