کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی هاوکاری: تەنیا فاکتەری ناوخۆیی ‌و هێزی جەماوەریی گەلانی ئێرانە کە دەتوانێت کۆتایی بە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بهێنێت

12:14 - 28 خەزەڵوەر 2720

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەبۆنەی کۆتاییهاتنی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئامریکا پەیامێکی بڵاو کردەوە و لەو پەیامەدا هاتووە: "ئێمە وەک ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لەسەر ئەو بڕوایەین کە ئامریکا لەبەرامبەر ئێراندا هەر سیاسەتێک پەیڕەو بکات، تەنیا فاکتەری ناوخۆیی ‌و هێزی جەماوەریی گەلانی ئێرانە کە دەتوانێت کۆتایی بە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بهێنێت".

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

پەیامی ناوەندی هاوکاری بەبۆنەی کۆتاییهاتنی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئامریکا

پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئامریکا کە لەو ماوەیەدا سەرنجی ڕای گشتیی جیهانی بۆ لای خۆی ڕاکێشا، کۆتایی هاتووە ‌و هەتا ئێستا زۆربەی میدیاکانی ئامریکا "جۆ بایدین"، کاندیدی دێموکراتەکان وەک براوەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئامریکا ناو دەبەن.

هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماریی ئامریکا، وەک زلهێزێک لە ئاستی جیهاندا هەموو کات گرنگییەکی تایبەتی هەبووە ‌و لەسەر سیاسەت ‌و هەڵسوکەوتی زۆرێک لە وڵاتانی جیهان کاریگەریی داناوە، هەر بۆیە لەلایەن دەوڵەتان ‌و ڕای گشتییەوە بە هەستیارییەکی زۆرەوە چاودێری دەکرێت.

 لە ئێران ‌و کوردستانیش خەڵک ‌و دەسەڵاتدارانی ڕێژیم‌ و هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنیش هەڵسەنگاندن بۆ ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنانە دەکەن ‌و هەر کەس لە ڕوانگەی بەرژەوەندییەکانی خۆیەوە لەو پرۆسەیە دەڕوانێت .

ڕاستە لە سەردەمی سەرۆکایەتیی "دانڵد ترامپـ"ـدا پاش کشانەوەی ئامریکا لە ڕێکەوتنی ئەتۆمیی "بەرجام" ئابلۆقەکان لەسەر ئێران زیاتر بوو و گوشارێکی ئابووریی زیاتر خرایە سەر ئێران، بەڵام ڕوونە کە سیاسەتی دەرەوەی ئامریکا لە دەورانی سەرۆکایەتیی کۆماریخوازەکان بووبێت یان دێموکراتەکاندا، لەسەر مەهارکردنی کۆماری ئیسلامی سیاسەتێکی تا ڕادەیەک جێگیر و نەگۆڕە ‌و تەنیا میکانیزمەکانی کارکردنە کە لە هەر دەوڵەتێکی ئامریکادا جیاواز لەیەک کاری پێدەکرێت.

سەرەڕای ئەوەی کێ و لە چ حیزبێک دەبێتە سەرۆککۆماری ئامریکا ئێمە وەک ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لەسەر ئەو بڕوایەین کە ئامریکا لەبەرامبەر ئێراندا هەر سیاسەتێک پەیڕەو بکات، تەنیا فاکتەری ناوخۆیی ‌و هێزی جەماوەریی گەلانی ئێرانە کە دەتوانێت کۆتایی بە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بهێنێت. ئەمەش بەو مانایە نییە کە فاکتەری دەرەکی بە کەم بگرین و بە بێبایەخ لێی بڕوانین. ئێمەی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش وەک باقیی گەلانی ناوچەکە و جیهان بە گرینگی و هەستیارییەوە لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی ئامریکا وەک زلهێزێکی جیهانی دەڕوانین و لە گۆشەنیگای بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی خۆمانەوە پێشوازی لە براوەی هەڵبژاردنەکان بۆ سەرۆکایەتیی ئامرێکا دەکەین و هەوڵ دەدەین لەپێناو بەرژەوەندییەکانی خەباتی نەتەوەکەماندا پێوەندییەکی سیاسی و تۆکمە لەگەڵ ئیدارەی نوێی ئامریکا دابمەزرێنن و لەو پێناوەشدا داواکارین ئیدارەی نوێ و سەرۆکی براوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نزیکی ‌و دۆستایەتیی خۆی لەگەڵ گەلی کورد پەرە پێ بدات و بە گرینگییەوە بڕوانێتە خەباتی ڕەوا و درێژخایەنی گەلی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بەرامبەر بە ڕێژیمی داگیرکەر و تێرۆریستپەروەری کۆماری ئیسلامی.

ئێمە پێمانوایە کە کۆماری ئیسلامی لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی نە دەست لە پشتیوانی لە تێرۆریزم و ئاژاوەگێڕی هەڵدەگرێت، نە لە ناوخۆشدا ئەو کەلەبەرەی کەوتووەتە نێوان ڕێژیم و خەڵک پڕ دەبێتەوە، بەڵکوو بەپێچەوانەوە خەباتی جەماوەری و ڕزگاریخوازانەی خەڵک زیاتر دەکات. ئێمەش لەسەر ئەوە کار دەکەین و گەلی کوردیش لەو هەلومەرجە جیهانی و ناوچەییەدا لە حاڵێکدا کە بزووتنەوەکەی هەنگاوی گەورەی بەرەوپێش هەڵگرتووە پێویستی بە دۆستایەتی و نزیکییە لەگەڵ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی خۆمان و خەبات دژ بە کۆماری ئیسلامی.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

١٨ی نۆڤامبری ٢٠٢٠