ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەبۆنەی کۆچی دوایی مامۆستا "جەلال مەلەکشا" پەیامێکیان بڵاو کردەوە.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
بەداخەوە ڕۆژی ١٠ی خەزەڵوەر، "جەلالی مەلەكشا"، شاعیری بەھەڵوێست و ئازادیخوازی كورد لە تەمەنی ٦٩ ساڵی بەهۆی وەستانی دڵ لەشاری سنە ماڵاوایی لە ژیان كرد.
كاک "جەلالی مەلەكشا" كە هەر لەسەردەمی پاشایەتی بەهۆی بیری ئازادیخوازی ماوەیەک لە زیندان كرابوو، لەسەردەمی ڕاپەڕین و پاش هاتنەسەركاری كۆماری ئیسلامیش بە شیعری شۆڕشگێڕانە و حەماسی بۆ خۆڕاگری خەڵكی كوردستان بەرامبەر بە ڕێژیمی كۆماری ئیسلامی ناو و ناوبانگی دەركرد و شێعرەكانی بۆ خەبات و بۆ پێشمەرگە وێردی زمانی خەڵک بوو. "جەلالی مەلەكشا" بەهۆی شارەزایی لە ئەدەبیاتی كوردی و فارسیدا ئەندامی كانونی نوسەرانی ئێران بوو. ئەو كە تەواوی تەمەنی لە ژێر گوشارەكانی ڕێژیم و لە دۆخێكی سەختدا تێپەڕكرد، بەڵام قەت ورەی بەرنەدا و بەهۆی ئازادیخوازی و نوسینەكانیەوە خۆشەویستی هەموو خەڵكی كوردستان بوو.
ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران بەم بۆنەیەوە سەرەخۆشیی گەرمی خۆی ئاراستەی خانەوادە و كەسوكاری كاک "جەلالی مەلەكشا" و كۆڕی ئەدیبان و شاعیرانی كورد و خەڵكی شاری سنەی قارەمان و سەرجەم كوردستان دەكات.
ناو و یادی جەلالی مەلەكشا بۆ هەتاهەتایە لە بیرو زەینی كۆمەڵانی خەڵک و بزووتنەوەی ڕەوای كوردستاندا بە زیندویی و درەوشاوەیی دەمێنێتەوە.
ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران
١١ی خەزەڵوەری ١٣٩٩