کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە

21:20 - 10 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران، بە بۆنەی یادی ٣٩ ساڵەی گیانبەختکردنی کاک "فوئاد مستەفا سوڵتانی" ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکەی بەم چەشنەیە:

ڕاگەیەندراوی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە بۆنەی یادی ٣٩ ساڵەی گیانبەختکردنی کاک فوئاد مستەفا سوڵتانی

لە مێژووی بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکان کەم نین ئەو بلیمەت و سەرکردانەی کە گیانیان لەپێناو گەیشتن بە ئازادی و ئامانجەکانیان بەخت کردووە. بزووتنەوەی کورد لە کوردستانی ئێرانیش وەک بزوتنەوەیەکی حەقخوازانە لە ماوەی لەسەر کاربوونی کۆماری ئیسلامی لە ٣٩ ساڵی ڕابردوودا خەساری گەورەی داوە و لە هەموو هێزە سیاسییەکاندا ڕێبەڕانیش بە خوێنی خۆیان مەشغەڵی ئەو شۆڕشەیان گەرم ڕاگرتووە.

یەکێک لەو سەرکردانه کاک فوئاد مستەفا سوڵتانیه کە له ڕۆژی ٩ی خەرمانانی ١٣٥٨ی هەتاوی گیانی لەپێناو گەیشتن به ئامانجەکانی بەخت کرد، کاک فوئاد سیمایەکی ناسراو و هەروها ئەندامی بنەماڵەیەک بوو کە ٤ برای دیکەشی لە بەربەرەکانێ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و سیاسەتە نگریسەکانی لەمەڕ کوردستان، لە زیندانەکانی ئەو ڕێژیمە ئیعدام کران.

گیانبەختکردنی سیما ناسراو و سەرکردەکانی حیزبەكانی كوردستان ئێران لە ماوەی ٤ دەیەی ڕابردوودا نیشانەدری ئەو ڕاستیەیە کە شۆڕش لە کوردستانی ئێران بەرهەمی تێکۆشانی هەمووانه و سەرکردە و پێشمەرگه هەموو کات شانبەشانی یەک و فیداکارانە پێکەوە قوربانیان داوه.

ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران، وێڕای مەحکومکردنی سەرجەم تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی لە ئێران و کوردستان، رێز دەگرێت لە خەبات و فیداکاری کاک فوئادی مستەفا سوڵتانی و ئیدانەی تێرۆری هەموو سەركردەو شورشگیران دەکات و بەڵێن دەدات کە بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان تا گەیشتن بە ئامانجه بەرز و مرۆییەکانی سەرجەم خەباتکارانی کوردستان بەردەوام و شێلگیرانەتر لە هەمیشە درێژەدەری رێگای شەهیدانی نەتەوەی کورد و ڕێبەرانی دەبێت. دڵنیاین ئاسۆی سەرکەوتن نزیکه و ئەو رۆژه دەبینین که گەلی کوردیش ئازادانه و لە ئاپۆرای گەورەی جەماوەریدا ڕێز له تێکۆشەران و ڕێبەرانی شەهیدی دەگرێت.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

٩ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی

٣١ی ئاگۆستی ٢٠١٨ی زایینی