کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی هاوکاری: خەڵکی تێکۆشەری کوردستانی ڕۆژهەڵات دیسان حەماسەیەکی دیکەتان خولقاند

12:05 - 29 جۆزەردان 2721

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە.

دەقی ڕاگەیاندراوەکه بەم چەشنەیە:

ڕاگەیاندنی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەبۆنەی بەناو هەڵبژاردنەکانی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان.

ڕۆژی ٢٨ی جۆزەردانی ساڵی ١٤٠٠ی هەتاوی، خەڵکی تێکۆشەر و نیشتمانپەروەری کوردستان بە بایکۆتی بەرین و چالاکانەی هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری و شۆرای شار و گوندەکان، دژایەتی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامییان کرد و بە هەموو جیهانیان سەلماند کە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات پێشەنگی خەبات و بەربەرەکانێیە لەگەڵ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران.

سەرەڕای هەموو هەوڵەکانی ڕێژیم بۆ هێنانی خەڵک بۆ سەر سەندوقەکانی دەنگدان، وشیاریی کۆمەڵانی باوەڕمەند بە مافەکانیان هەموو هەوڵەکانی ڕێژیمیان بێئاکام هێشتەوە.

بەپێی ئامارەکان و بەپێی ئەو ڤیدئۆ و وێنانەی کە لەلایەن ڕێکخستن و چالاکانی نێوخۆ، بە دەستمان گەیشتووە، ڕێژەی بەشداریی خەڵک لە کوردستان لە ئاستێکی زۆر کەمدا بووە و تەنانەت لە هێندێک لە شارەکانی کوردستان ڕێژەی بەشداریی خەڵک لە ئاستێکی چاوەڕواننەکراو کەم بووە. ئەمە لە کاتێکدایە بە گشتی لە هەموو ئێران ڕێژەی بەشداری لە هەڵبژاردنەکان زۆر کەم بووە.

خەڵکی تێکۆشەر و نیشتمانپەروەری کوردستانی ڕۆژهەڵات دیسان حەماسەیەکی دیکەتان خوڵقاند،  وێڕای پیرۆزبایی ئەم سەرکەوتنە لە گەلی کورد و گەلانی ئێران و هەموو هۆگرانی ئازادی و دێموکراسی و دادپەروەری جارێکی دیکە نیشانتان دا کە بە ئیرادەیەکی یەکگرتووانە پەیامی ڕەت کردنەوەی کۆماری ئیسلامی و سیستمەکەیان بە ڕای گشتی گەیاند.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

١٩ی ژووئەنی ٢٠٢١ی زایینی

٢٩ی جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی