ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی خۆی لە قووڵبوونەوەی کێشەکان لە "داڵاهۆ" سەرەخۆشی لە قوربانییانی ئەم تێکهەڵچوونانە کرد و ڕایگەیاندووە کە خەڵکی کوردستان بۆ پێکەوە ژیانی شارستانییانە و پاراستنی ئەمنییەت و ئاسایشی خۆی پێویستیی بە هێزی ئەمنی و نیزامیی هاوردەی ڕێژیم نییە.
دەقی ڕاگەیەندراوەکەم بەم چەشنەیە:
ڕاگەیەندراوی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران سەبارەت بە گرژی و تێکهەڵچوونەکانی ناوچەی "داڵاهۆ"
خەڵکی تێکۆشەر و خۆڕاگری ڕۆژهەڵاتی کوردستان!
لە ڕۆژانی ڕابردوودا ناکۆکییەک لەسەر کێشەی زەوی و مافی دەستڕاگەیشتن بە ئاو بووەتە هۆی سەرهەڵدانی گرژی و تێکهەڵچوونی خەڵک لە ناوچەی "داڵاهۆ" کە بەداخەوە زەرەر و زیانی گیانیی لێکەوتووەتەوە و بووەتە هۆی دڵنیگەرانیی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و ناوچەکه.
بۆ هەموومان ڕوون و ئاشکرایە، هۆکاری سەرەکیی سەرهەڵدانی قەیرانە سروشتییەکان لەوانە قەیرانی ئاو و فەوتاندنی دارستان و سەرچاوەکانی ژینگە، دەرەنجام و لێکەوتەی ڕاستەوخۆی سیاسەتی چەوت و تێکدەرانەی ژینگەیی و بەڕێوەبەریی ناکارامەی کۆماری ئیسلامییە.
لەم نێوانەدا جوغرافیای ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بەراوەرد لەگەڵ شوێنەکانی دیکەی ئێران، وەکوو ناوچەیەکی دەوڵەمەند لە بواری ئاو و دارستان و کانگا سروشتییەکان هەژمار دەکرێت، بەڵام بەداخەوە هاوکات و هاوئاراستە لەگەڵ هۆکارگەلی ئاماژەپێدراو، بەهۆی ڕوانینی ئەمنییەتی، ڕاگواستنی ئامانجداری ئاو، ئاگرتێبەردانی دارستان و لەوەڕگەکان و پشتگوێخستنی بەرژەوەندیی درێژماوەی ناوچەکە لە بواری ژینگەییەوە بە دووقات چەوسێندراوەتەوە.
کۆماری ئیسلامی لەمێژە دەیهەوێ بە دەستێوەردان و زەقکردنەوەی جیاوازیی باوەڕی، ئایینی، ئایینزایی و کەڵکوەرگرتنی لە پلانی داڕێژراو ئەم ڕەنگاوڕەنگی و جیاوازییە سروشتییانە، یەکیەتی و تەبایی نێو ماڵی کورد تێک بدا، کێشە و پرسی نەتەوەیی کورد چەواشە بکا و هاوکات وەکوو ئامرازێک بۆ دروستکردنی دووبەرەکی و ئاژاوەنانەوە لەنێوان خەڵکدا بەکاری بێنێت.
ڕێژیم ڕاستەوخۆ یان لەڕێگای دەستوپەیوەندییەکانیەوە بەردەوام هەوڵی داوە بە قۆستنەوە و قووڵکردنەوەی هەر جۆرە هەل و ناکۆکییەک، بیانوویەکی نوێ بۆ چاندنی تۆوی دووبەرەکی بدۆزێتەوە و ئەم هۆکارە ساختەیە بکات بە پاساوێک بۆ لەشکەرکێشی و میلیتاریزەکردنی کوردستان و سەپاندنی کەش وهەوای ئەمنییەتی لە ناوچەکە.
خەڵکی وشیاری کوردستان!
هەزاران ساڵە خەڵکی کورد بە هەموو جۆرە جیاوازییەکی بیر و باوەڕ و ئایینییەوە، بە دوور لە توندئاژۆیی و لە ئاشتی و ئاشتەواییدا ژیاوە و کوردستان هێمای پێکەوە ژیان و پێکەوەبوونی ڕەنگ و دەنگە جیاوازەکان بووە.
ئێمە وەکوو ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی خۆمان لە قووڵبوونەوەی کێشەکان و سەرەخۆشی لە قوربانییانی ئەم تێکهەڵچوونانە، لەو باوەڕەداین خەڵکی کوردستان بۆ پێکەوە ژیانی شارستانییانە و پاراستنی ئەمنییەت و ئاسایشی خۆی پێویستیی بە هێزی ئەمنی و نیزامیی هاوردەی ڕێژیم نییە و هەر بەم بۆنەیەوە داوا لە خەڵک و کەسایەتییە خاوەن پێگەی مەدەنی و ئایینییەکانی ناوچەی داڵاهۆ دەکەین هەرچی زووتر چارەسەرێکی مەدەنییانە و ئاشتیخوازانە بدۆزنەوە و لەپێناو گەڕانەوەی ئاسایش و ئەهوەنی بۆ ناوچەکە کۆتایی بەم گرژییانە بێنن. درێژەدان بەم کێشە و ئاڵۆزییانە تەنیا لە بەرژەوەندیی دوژمنانی گەل و نیشتماندایە و دەستی ڕێژیم و نەیاران بۆ پیلان و دەستێوەردانی زیاتر و کاری تێکدەرانە ئاوەڵا دەکات.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
١٣ی جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی
٣ی ژوئەنی ٢٠٢١ی زایینی