
کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە بواری سیاسی و لە بواری مەشرووعییەتی دیپلۆماسی و نێودەوڵەتیدا ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو كزی و لاوازی دەڕوات.
ڕۆژی شەممە، ڕێكەوتی ٣١ی ئاگوستی ٢٠١٩ی زاینیی، بەرابەر لەگەڵ ٩ی خەرمانانی ساڵی ١٣٩٨ی هەتاوی، بە میوانداریی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران و سەرپەرستیی سكرتێری گشتیی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕ، "عەبدوڵڵا موهتەدی"، كۆبوونەوەی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەڕێوە چوو.
ئەم كۆبوونەوە بە بەشداریی "مستەفا هیجری" لێپرسراوی گشتی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران، "عومەر ئیلخانیزادە" سكرتێری كۆمەڵەی زەحمەتكێشان، "مستەفا مەولوودی" سكرتێری حیزبی دێمۆكراتی كوردستان و "عەبدوڵڵا موهتەدی" سكرتێری گشتیی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران، بەڕێوەچوو.
لە دانیشتنەكەدا چەندین باس و تەوەری گرنگی سیاسیی پێوهندیدار به ناوچەكە بەگشتی و ئێران بەتایبەتی، گفتوگۆی لەسەر كرا و وێڕای ئاڵوگۆڕی بیروڕا، بەشداربووان هەڵوێست و بۆچوونی خۆیان بە ئاگاداری یەكتر گەیاند. لایهنهكانی بهشدار له ناوهندی هاوكاریی حیزبهكانی كوردستانی ئێران سەرجەم هاوڕا بوون كە دەسەڵاتی سیاسی لە ئێران بە خولقاندنی قەیران، ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ زیاتر لەنێو ڕق و بێزاریی كۆمەڵانی خەڵكی ئێراندا نوقم دەبێت و كۆمەڵانی خەڵک لەوپەڕی ناڕەزایەتی و بێزاری لەو ڕژیمە، بە خەباتی جەماوەری و مەدەنی لێی هاتوونەتە پێش و هەموو دیاردەكان دەرخەری ئەو ڕاستییەن كە كۆماری ئیسلامی لە بواری سیاسی و لە بواری مەشرووعییەتی دیپلۆماسی و نێودەوڵەتیدا ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو كزی و لاوازی دەڕوات.
تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە چاوخشاندنێک بوو بە سەر كار و ئەركەكانی ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران، كە وێڕای هەڵسەنگاندنی كار و چالاكییەكانی ئەم ناوەندە و كاردانەوەی لەسەر خەباتی گشتی و هەروەها یەكگرتوویی خەباتی سیاسی و جەماوەری لە نێوخۆ و دەرەوەی كوردستان، بە پێویست زانرا. لە دەوری داهاتوودا ئەم ناوەندە ئاستی چالاكییەكانی بۆ وڵامدانەوە بە پرسە گشتییەكان و هەروەها هاوئاهەنگیی زیاتر لە نێوان حیزبەكان و خەباتكارانی نێوخۆ و بزووتنەوە جەماوەرییەكان، پەرە پێبدات و لە ئاستی نێوخۆیی و نێودەوڵەتیدا نوێنەرایەتیی ئەم بزووتنەوەیە بكات.
وڵامدانەوە بهو ئەگەرانەی كە پێدەچێت لە ڕەوتی بهرهوپش چوونی ڕووداوهكانی ئێران و ناوچەكە، حیزبەكانی كوردستانی ڕۆژهەڵات، ڕووبەڕووی ببنەوە تهوهرێكی دیكهی دانیشتنهكهی سكرتێری گشتیی حیزبهكانی كوردستانی ئێران بوو. لهو تهوهرهدا ههمووان ڕای خۆیان لهوبارهیهوه خستهڕوو كه چۆن بتوانن له ئهگهری هاتنهئارای ههلومهرجی نوێ، ڕەوتی خەبات بهرهو پێش بەرن و لە بەرژەوەندیی بزووتنەوەی ڕەوای گەلی كورد لە دهرفهتهكان كەڵكی پێویست وەربگرن. بەم مەبەستە لەسەر هاودەنگی، یەكگرتوویی هەرچی زیاتری حیزبەكانی بەشدار لە بزووتنەوەی كورد لە كوردستانی ئێران جەخت كرایەوە.
لە كۆتایی ئەم دیدارەدا چەند بابەت بۆ كار و چالاكی و چۆنیەتیی ڕووبەڕوبوونەوە لەگەڵ پرسە سیاسییەكان بڕیاریان لەسەر درا تا لە داهاتوودا بچنە بواری جێبەجێكردنەوە.
كۆبوونەوەكە دوای چەند كاتژمێر گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی بیروڕا لە كەش و هەوایەكی دۆستانە و هاودەنگ كۆتایی پێهات و لە لایەن هەیئەتی خانەخوێ میوانەكان بەڕێ كران.
ناوهندی هاوكاریی حیزبهكانی كوردستانی ئێران
٩ی خهرمانانی ١٣٩٨ی ههتاوی
٣١ی ئاگوستی ٢٠١٩ی زایینی