کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی هاوکاری سپاسنامەیەکی ڕوو لە خەڵکی کوردستان و ئێران بڵاو کردەوە

12:28 - 4 رەشەمه 2719

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەنیسبەت بەشداری نەکردنی خەڵک لە شانۆی هەڵبژاردنەکان و بایکۆتکردنی، سپاسنامەیەکی بڵاو کردەوە.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، ڕۆژی شەممە، ٣ی ڕەشەمە بە بڵاوکردنەوەی سپاسنامەیەک ڕوو لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و ئێران سپاسی هەڵویستی بوێرانە و شۆڕشگێڕانەی خەڵکی بەنیسبەت بایکۆتی شانۆی هەڵبژاردنەکان و شکست پێهینانی ڕێژیمی ئێران بڵاو کردەوە.

لە بەشێک لەو سپاسنامەیەدا هاتووە: "حیزب و لایەنە سیاسییە شۆڕشگێڕەکان جارێکی دیکە، هەڵوێست و ئازایەتیتان لەهەمبەر پیلان و شانۆگەرییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران نموونەیەکی حەماسی و پڕشکۆی لە پێکەوەبوون و هاوهەڵوێستیی خەباتگێڕانە خولقاند و بە دنیای سەلماند کە هەیمەنە و سامی خەفەقانی ڕێژیم شکاوە و کۆماری ئیسلامی زیاتر لە هەموو جارێک لە بەدەستهێنانی ڕەوایی و پێگەی سیاسی و جەماوەریدا تووشی شکست و داڕمان بووە".

ناوەندی هاوکاری هەروەها لەو سپاسنامەیەدا، هەڵوێستی ئازایانە و ڕەوای ئەمجارەی خەڵکی بە درێژە و تەواوکەری قۆناخەکانی خەبات و تێکۆشانی ڕابردوو، بەتایبەتی ڕاپەڕینە خوێناوییەکانی خەزەڵوەر و بەفرانباری ئەمساڵ زانی کە ڕێژیمی تووشی داڕمان و لەرزۆکی کرد.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، ڕۆژی یەکشەممە، ٤ی بەفرانبار، بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک، شانۆی هەڵبژاردنەکانی ڕێژیمی ئێرانی بایکۆت کرد و داوای لە خەڵکی کوردستان و هەموو گەلانی ئێران کرد کە لە شانۆی هەڵبژاردنە درۆیینەکانی ڕێژیمی ئێراندا بەشداری نەکەن و ئەو ڕێژیمە لەقاو بدەن.

خەڵک لە ڕۆژی ٢ی ڕەشەمە، واتا ڕۆژی هەڵبژاردن بە نەچوونیان بۆ سەر سەندووقەکانی دەنگدان سەلماندیان کە ڕێژیم ڕەواییەتی نەماوە و دەنگ بە بەردەوامیی ئەو سیستەمە نادەن.