کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی هاوکاری: سیستمی پەروەردە و فێرکردن دەبێ لەژێر ڕکێفی کولتووری شۆڤینیستی و کۆنەپەرستی و توتالیتاریزمی دەسەڵاتدار لە ئێران دەربهێنرێت

10:39 - 22 خەزەڵوەر 2721

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ناڕەزایەتییەکانی مامۆستایان لە ئێران و کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە سیستمی پەروەردە و فێرکردن دەبێ لەژێر ڕکێفی کولتووری شۆڤینیستی و کۆنەپەرستی و توتالیتاریزمی دەسەڵاتدار لە ئێران دەربهێنرێت و ببێتە بناغەی گەشەی تواناکان و پەرەپێدانی کولتوور و شوناسی نەتەوەکان و پێکهاتە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگەی ئێران.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:

هاونیشتمانییانی بەڕێز!

خەڵکی خۆڕاگری کوردستان!

کۆڕ و کۆمەڵە نێودەوڵەتییەکان!

بەپێی هەواڵی گەیشتوو، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی خەزەڵوەر، مامۆستایان لە ٥٠ شاری کوردستان و ئێران لەهەمبەر پەسەندنەکرانی پرۆژە یاسای پلەبەندی لە مەجلیسی ڕێژیم و بۆ هێنانەگۆڕی داواکارییەکانی دیکەی پێوەندیدار بە کەموکۆڕییەکانی سیستمی پەروەردە و کەرامەت و بژێویی ژیانیان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

لەو چالاکییە ئیعترازییەدا مامۆستایان لە بەردەم ئیدارەی پەروەردە و فێرکردنی شارەکانی ''کرماشان، سەقز، مەریوان، هەمەدان، خوڕەماوا، ئیسفەهان، تاران و تەورێز و...'' کۆ بوونەوە.

لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەکوو سەقز و مەریوان مامۆستایان ڕایانگەیاندووە کە پەروەردەی بەخۆڕایی و ستاندارد مافی هەموو منداڵان و ئەرکێکی بێ ئەملاوئەولای حکوومەتە، هەروەها مامۆستایان لەسەر فێربوون بە زمانی دایکی وەکوو یەکێک لە مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ جەختیان کردووەتەوە.

بێگومان لە سەردەمی ئەمڕۆدا سیستمی پەروەردە و فێرکردنی مرۆڤتەوەرانە، بنچینەییترین پێداویستیی بەڕێوەبردن و ڕێنوێنیکردنی کۆمەڵگە بەرەو پێشکەوتن و دابینکردنی ژیانی بەختەوەرانە و تەژی لە کەرامەتی مرۆیی بۆ تاک و کۆمەڵگەیە.

لەم نێوانەدا مامۆستایان وەکوو بزوێنەری سەرەکیی ڕەوتی پەروەردە، ئەرکێکی زۆر گرینگیان لەسەر شانە کە بۆ ڕاپەڕاندنی ئەو ئەرکە پیرۆزە پێویستە لە پێش هەموو شتێکدا کەرامەت و ژیانی شایستەی مرۆیی بۆ خۆیان پارێزراو بێت کە ئەوە تەنیا لە سیستمێکی دێموکراتیک و مرۆڤتەوەر دەوەشێتەوە کە بناغەی پەروەردەی خۆی بۆ خزمەت بە مرۆڤ دامەزراندبێت نەک بۆ خزمەت بە ئیدئۆلۆژی و هێژمونخوازی و خۆسەپاندن و سڕینەوە.

بۆ هەمووان ئاشکرایە کە مەبەست لە بنیاتنانی سیستمی پەروەردەی ئێران لە سەرەتاشەوە پێگەیاندنی مرۆڤی بەختەوەر و ئازاد و شایی بەخۆ نەبووە، بەڵکوو ئەرکی سەرەکیی ئەو سیستمە یەکچەشنکردن و تواندنەوە و سڕینەوەی شوناسە جیاوازەکان و سەپاندنی شوناسێکی فەرمی بەسەر هەموواندا بوو و ڕێژیمی ئیسلامی وەک درێژەدەری ئەو سیستمە، تایبەتمەندیی بناژۆخوازیی ئایینیشی بە ئەرکە پێسپێردراوەکانی سیستمی پەروەردە زیاد کردووە کە تێیدا نە مامۆستا و نە قوتابی خاوەنی پێگە و مافی خۆیان نین.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران وێڕای پاڵپشتی لە داواکارییە ڕەوا و دێموکراتیکەکانی مامۆستایان، جەخت لەسەر ئەو ڕاستییە دەکاتەوە کە سیستمی پەروەردە و فێرکردن دەبێ لەژێر ڕکێفی کولتووری شۆڤینیستی و کۆنەپەرستی و توتالیتاریزمی دەسەڵاتدار لە ئێران دەربهێنرێت و ببێتە بناغەی گەشەی تواناکان و پەرەپێدانی کولتوور و شوناسی نەتەوەکان و پێکهاتە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگەی ئێران. ئاشکرایە کە وەها پێشکەوتنێک بە بوونی ڕێژیمی ئیسلامی ڕوو نادات و  تەنیا لە سێبەری سیستمێکی دێموکراتیک و گەیشتنی گەلانی ئێران بە مافە ڕەواکانیاندایە کە دەکرێت لە دابینبوونی داواکاری و مافە ڕەواکانی مامۆستایان و پێگەیاندنی ڕۆڵەکانی وڵات بۆ بنیاتنانی داهاتوویەکی ڕوون دڵنیا بین.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

٢١ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی