ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەنیسبەت گیانلەدەستدانی پێنج کۆڵبەری کورد لە ورمێ کە بەهۆی ڕنووی بەفر گیانیان لەدەستدابوو، پەیامێکی سەرەخۆشیی ئاراستەی بنەماڵەی ئەو پێنج کۆڵبەرە کرد.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
پەیامی ناوەندی هاوكاری بەبۆنەی گیانلەدەستدانی پێنج كۆڵبەری كورد
پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە هەفتەیەک لەگیانلەدەستدانی پێنج كۆڵبەری كورد لە ناوچەی سۆما و برادۆستی ورمێ سەرئەنجام تەرمەكانیان لەلایەن خەڵكی ناوچەكەوە لە ژێر بەفر دۆزرایەوە و لە زێدەكانی خۆیان بە خاک سپێردران.
ڕۆژی ٢٩ی بەفرانباری ئەمساڵ ئەو پێنج كۆڵبەرەی خەڵكی گوندی "كوران" سەر بە ناوچەی سۆما و برادۆست بە ناوەكانی مۆلایی خودایی، فرات خودایی، مەتین ئەسڵانی، بیلەن ئەحمەدی و یاوەر ئەسڵانی لە گوندی "دریشک" سەر بە شاری وان لە باكووری كوردستان كەوتنە ژێر هەرەسی بەفرەوە و گیانیان لەدەستدا.
گیان لەدەستدانی ئەم لاوانە كە یەكێكیان تەمەنی تەنها ١٨ ساڵ بووە، لەكاتێكدایە كە بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی لە ناوچەكە هیچ هاوكارییەكی بنەماڵەی قوربانییەكانی نەكردوە و هێزە چەكدارەكانی توركیش هەڕەشەی تەقەیان لەخەڵک كردوە كە بەهانای ئەو كۆڵبەرانەوە بچن.
گیان لەدەستدانی كۆڵبەرانی كورد كە بۆ دەستبەركردنی بژیوی ژیانی خانەوادەیان بەرەوڕووی مەرگ دەبنەوە، یەكەم جار نیە و تا دەسەڵاتی ڕەشی كۆماری ئیسلامی و هەژاری و بێكاریی خەڵكی كوردستان مابێت، بەداخەوە ئەم ڕووداوە جەرگبڕانە دووپات دەبنەوە. هەژاری و نەداریی خەڵكی كوردستان بە تایبەتی لە ناوچە سنوورییەكان لاوان ناچار دەكات بۆ بەدەستهێنانی نانی سفرەی خێزانەكانیان كاری مەترسیدار و تاقەتپڕوكێنی كۆڵبەری بكەن كە دەكرێت بە دابینكردنی تەنها بڕِێكی بچووک لەو ملیۆنان دۆلارەی كۆماری ئیسلامی خەرجی پرۆژە سەربازییەكان و تاقیكردنەوەی مووشەک و بەرهەمهێنانی چەكی ئەتۆمی و پاڵپشتیی گرووپە تێرۆریستییەكانی دەكات، ژیانی سەرجەم خەڵكی ئێران و كوردستان بەرەو باشتر بڕوات، بەڵام بەپێچەوانە كۆماری ئیسلامی نەک ئەوە ناكات بەڵكوو بە گوللـەش بەرەوڕووی كۆڵبەرانی كورد دەبێتەوە.
ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران سەرەڕای دەربڕینی خەم و پەژارەی خۆی بەبۆنەی گیانلەدەستدانی ئەو پێنج لاوە زەحمەتكێشە، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و كەسوكاریان و خەڵكی كوردستان دەكات. داوا لە كۆڕِ كۆمەڵە مرۆڤدۆستەكانی دەكەین لەبەرامبەر ئەم جۆرە كارەساتانەدا كە تەنیا كۆماری ئیسلامی لێی بەرپرسیارە بێدەنگ نەبن و هەڵوێستی مرۆڤانەیان دەرببڕن.
ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران
٨ی ڕێبەندانی ١٣٩٩
٢٧ی ژانویەی ٢٠٢١